مشكۆ ئەو هونەرمەندەی نەخۆشی قوڕگی گرت

:: PM:04:07:04/08/2026 ‌
لە دەستپێشخەرییەكدا بەشی كولتووری "وشە" ژیاننامەی هونەرمەندە رەسەنەكانی كوردستان بڵاو دەكاتەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بە زیندوویی لەناو خەڵكدا بمێننەوە. 

مشكۆ ناوی تەواوی شەوكەت سەعید حاجی ئیبراهیم ئاغای دێرێییە، ساڵی 1908 لە گەڕەكی سەرای شاری هەولێر لە دایك بووە، ساڵی 1914 ماڵیان لە هەولێر گواستەوە بۆ گوندی "دێرێ" كە گوندی باب و باپیرانی بووە.

 ساڵی 1918 دەگەڕێنەوە هەولێر و ساڵی 1923 باوكی كۆچی دوایی كرد، ساڵی 1939 ژنی هێناوە كچێكی بووە، ساڵی 1943 بەرەو بەغدا دەڕوات و دوای ماوەیەكی كەم، ژنەكەی تووشی نەخۆشیی گرانەتا دەبێ و گیان لە دەست دەدات، كاتێك مشكۆ لە بەغدا ئەم هەواڵە دەبیستێ، بەپەلە دەگەڕێتەوە هەولێر دەچێتە سەر گۆڕەكەی و شیعرەكەی "ئەختەر" بە دەستكارییەوە بە مەقام دەڵێ، لەگەڵیشیدا دەگری كە دەڵێ (لە پاش مەرگم چ فایدەیە بێیە سەر قەبرم لە بۆ شیوەن).

لە ساڵی 1948 ژنی دووەم دێنێ و لەو ژنەش دوو كوڕ و كچێكی دەبێت، ساڵی 1950 لەگەڵ محەمەد عارف جزیری گۆرانیی گوت و  ساڵی 1956 لەسەر داوەتی شێخ لەتیف كوڕی شێخ مەحموودی حەفید، دەچێتە سلێمانی لەگەڵ گۆرانیبێژ ڕەشۆڵ عەبدوڵا ئاهەنگ دەگێڕێ.

 لە 1970 لەگەڵ هونەرمەندان تایەر تۆفیق و حەیدەر بەقاڵ و یونس مەحموود و جامیلە و فایەق بازرگان و محەمەد ئەربیلی و فوئاد ئەحمەد و محەمەد جەزا، چەند ئاهەنگێكی هاوبەشیان تۆمار كرد.

 مشكۆ ساڵی 1989 تووشی نەخۆشی دەبێت و نەخۆشییەكەی چیتر مەودای نەدا قوڕگی بۆ گۆرانیگوتن بەكار بێنێ، زیاتر لە 60 ساڵ خزمەتی هونەری توركمانی و كوردی كردووە، دوای تووشبوونی ئەو نەخۆشییەی لە 1989/5/15 كۆچی دوایی دەكات.



وشە - وشه‌