لە كۆرمۆرەوە غاز دەدرێتە وەزارەتی كارەبای عێراق

:: PM:05:25:04/08/2026 ‌

هەردوو كۆمپانیای "دانە غاز" و "نەوتی هیلال" رایان گەیاند كە دەستیان كردووە بە رەوانەكردنی غازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەوەش بە پێی رێككەوتنێك بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە عێراق.

بەپێی بەیاننامەیەكی دوو كۆمپانیاكە، رێككەوتنی واژووكراو لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق لە كانوونی یەكەمی رابردوو، باسی رەوانەكردنی بڕی 100 ملیۆن پێی سێجای رۆژانەی غازی سروشتی لە كێڵگەی كۆمۆر بۆ وێستگەی غازی تازە لە پارێزگای كەركووك دەكات، ماوەی رێككەوتنەكە وەك سەرەتا یەك ساڵە.

روونی كردەوە، دەستكردن بە رەوانەكردنی ئەو بڕە غازە لە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فرەوانكردنی كێڵگەی "كۆرمۆر 250" دێت، كە لە تشرینی یەكەمی 2025 دەستی بە كاركردن كرد و توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەكەی بە رێژەی 50% زیاد كرد و گەیشتە 750 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، ئەوەش بڕی زیاتر غازی لە پێویستی بازاڕی ناوخۆیی فەراهەم كرد. 

شایەنی باسە پڕۆژەی غازی كۆرمۆر غازی پێویست بۆ زیاتر لە 80%ی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، زیاتر لە هەشت ملیۆن كەس سوود لە كارەبای بەرهەمهاتوو لەو رێگەوە لە هەرێم و پارێزگاكانی تری عێراق وەردەگرن، تا ئێستەش بڕی وەبەرهێنان لە پڕۆژەكە چوار ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل