ئه‌مڕۆ چوارشه‌م كیم یۆ جۆنگی خوشكی كیم جۆنگ ئۆن سه‌رۆكی كۆریای باكور هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنه‌به‌ری بژاره‌ی سه‌ربازی له وه‌ڵامی خواسته‌كانی ژاپۆن بۆ دووباره بوونه‌وه به ده‌وڵه‌تی تاوانبار له جه‌نگ به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه، كه ده‌ستی به پڕچه‌ككردنی تۆكیۆ و هێزه چه‌كداره‌كانی كردووه.
له
ڕاگه‌یه‌نراوێك كیم ی‌و جۆنگی خوشكی كیم جۆنگ ئۆن كه ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵی كۆریای باكور بڵاوی كردووه‌ته‌وه هاتووه، جووڵه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ژاپۆن، له‌وانه تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی تۆماهۆكی دوور مه‌ودا و به‌شداری هێزه‌كانی ژاپۆن له‌و مانۆره سه‌ربازییانه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا له فلیپین ئه‌نجامی دا، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه خێرایه به‌ره‌و فره‌وانخوازی سه‌ربازی.
كیم ی‌و جۆنگ ئه‌وه‌یشی گوتووه، ژاپۆن ده‌وڵه‌تێكی تاوانباری جه‌نگه و ئێسته‌یش به خێرایی ده‌یه‌وێ ببێته‌وه به ده‌وڵه‌تێكی جه‌نگ دروستكه‌ر و قۆستنه‌وه‌ی ململانێی جیۆپۆله‌تیكی له ناوچه‌كه بۆ پێكدادانی سه‌ربازی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی.
ئاماژه‌ی داوه، ئه‌و جموجۆڵانه ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه تۆكیۆ ده‌یه‌وێ توانا سه‌ربازییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی پێشوه‌خته و كتوپڕ به‌هێز و ئاماده بكات و ئه‌م خواسته‌یشی به كرده‌یی خستووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
خوشكه‌كه‌ی كیم جۆنگ ئۆن واشنتنی تۆمه‌تبار كرد، كه هانی ژاپۆن به‌و ئاراسته‌یه ده‌دا، ئه‌مه‌ریكا ژاپۆن و كۆریای باشوور وه‌ك هێزی به‌ربه‌ست له ناوچه‌ی ئاسیا و زه‌ریای هیندی به‌كارده‌هێنێت، بۆ زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌منییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه. له به‌رانبه‌ر ئه‌وه كۆریای باكور ده‌سته‌وه‌ستان نابێ و بژاری سه‌ربازی زیاتر ده‌گرێته‌به‌ر، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه مه‌ترسیداره له سیاسه‌تی سه‌ربازی ژاپۆن.