سەرچاوە سەربازییەكان لە عێراق بۆ ماڵپەڕی حوڕە ئاشكرایان كردووە، ئەو گۆڕانكارییانەی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە عێراق ئەنجامی دەدات، بۆ ئەوەیە لە دوای مانگی ئەیلوولی داهاتوو بڕیاری سەربازی تەنیا بە دەست خۆی بێت.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، ماڵپەڕی كەناڵی
حوڕە بڵاوی كردووەتەوە، زەیدی لە دوو مانگی رابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی لە پۆستەكانی سوپا و ئاسایش و هەواڵگریی كردووە، ئەمە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی نەبووە، بەڵكو ئامانجێكی سەرەكی هەیە، دەیەوێ پێگەی خۆی لە بەڕێوەبردنی دۆسیە تەناهییەكان بەهێز بكات.
لە كۆتایی مانگی ئەیلوولدا هێزەكانی ئەمەریكا بە تەواوی لە عێراق دەكشێنەوە، هاوكات هەر لە كۆتایی ئەیلوولدا ئەو وادەیە تەواو دەبێت كە حكوومەتی زەیدی بە میلیشیاكانی داوە تا چەكەكانیان دابنێن، بۆیە لە دوای ئەیلوول، ئاڵنگارییەكان دێنە پێشەوە و ئەو كاتیش زەیدی دەیەوێ بڕیار لە دۆسیە تەناهییەكان بە دەست خۆی بێت و ئەو كەسانەیش لە پۆستە نوێیەكان دابنێت كە كەمتر سەربە حزبەكانن.
زەیدی لە ماوەی رابردوودا بەرپرسی ئەو دەزگایانەی گۆڕیوە: دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای دژەتیرۆر، پۆلیسی فیدراڵی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری سەربازی، جیا لەمەیش بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی داناوە، لەگەڵ بەرپرسی خامەی نهێنی نووسینگە سەربازییەكەی.