پەرلەمانتارێك: لە فڕۆكەخانەكانی عێراق دەست بەسەر دەیان دەفتەر دۆلار گیراوە

:: AM:11:15:05/08/2026 ‌
ئەمیر مەعمووری پەرلەمانتار ئاشكرای دەكات، تەنیا لە مانگی تەمووزدا لە فڕۆكەخانەكانی عێراق، دەست بەسەر دەیان دەفتەر دۆلار گیراوە كە هەوڵ دراوە بە قاچاخ رەوانەی دەرەوە بكرێن.

 ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، ئەمیر مەعمووری بڵاوی كردووەتەوە كە لە مانگی تەمووزی رابردوو و ئەم چەند رۆژەی ئابدا، چەندان جار لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەكان دەست بەسەر پارە گیراوە كە هەوڵ دراوە رەوانەی دەرەوە بكرێن.

لەوانە 226 هەزار دۆلار كە دەكاتە زیاتر لە 22 دەفتەر لە فڕۆكەخانەی كەركووك گیراوە، لە فڕۆكەخانەی بەغدایش 75 هەزار دۆلار و 100 هەزار ریالی سعوودی لە فڕۆكەخانەی بەغدا گیراون، 36 كارتی بانكی لە دەروازەی زرباتیە گیراون.

دوای خستنەڕووی ئەو زانیارییانە ئەمیر مەعمووری دەڵێ‌، "ئەو پارانە لە كوێ هاتوون، هی كێن، بەرەو كوێ‌ بە قاچاخ دەبرێن. كێن ئەو سەرە گەورانەی لە پشت تۆڕەكانی خاچاخچێتی پارە دەوەستن. پاراستنی سامانی گشتی تەنیا بەوە نییە لە دەروازەكان پارە بگیرێت، بەڵكو دەبێت سەرچاوەكانی بدۆزرێنەوە، لێپرسینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بكرێ بۆ ئەوەی ئەو هەوڵانە دووبارە نەبنەوە".




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل