لەمڕۆوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان نیشانەیەكی تایبەتیان بۆ زیاد دەكرێت، ئامانج لێی ناسینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە لە كاتی ڕووداوەكاندا بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و ئاسانكاری بۆ تیمەكانی بەرگریی شارستانی.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، موقەدەم هێمن حەمەدەمین گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان (EV)، بڕیاریان دا هەنگاوێكی نوێ و پێشكەوتوو بنێن كە هاوتایە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.
زیاتر گوتی، لەمڕۆوە هێمایەكی تایبەت بە كارەبا (شێوەی بروسكە) بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان زیاد دەكرێت. ئەم نیشانەیە یارمەتیدەر دەبێت تا ئەو ئۆتۆمبێلانە لەسەر شەقامەكان بە ئاسانی بناسرێنەوە.
باسی لەوەش كرد، هۆكاری سەرەكیی ئەم بڕیارە لایەنی سەلامەتییە. لە كاتی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو یان ئاگركەوتنەوەدا، تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە ڕێگەی ئەم نیشانەیەوە دەزانن كە ئۆتۆمبێلەكە كارەباییە، چونكە شێوازی كوژاندنەوەی ئاگری پتریی ئەم ئۆتۆمبێلانە جیاوازە و پێویستی بە مادەی تایبەت هەیە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر موژدەی ئەوەی دا، گۆڕینی تابلۆكان و زیادكردنی ئەم نیشانەیە بەبێ بەرانبەر (بە خۆڕایی) دەبێت و هیچ بڕە پارەیەك لە شۆفێران وەرناگیرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە لە داهاتوودا ئەم نیشانەیە ئاسانكاری دەكات بۆ دیاریكردنی شوێنی وەستانی تایبەت و وێستگەكانی شەحنكردنەوە بۆ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە.