پەرلەمانتارانی عێراق هاواریان لێ هەستاوە و بە دوای یەكتر بەیاننامە بڵاو دەكەنەوە، دووپاتی دەكەنەوە كە هیچ پاساوێك بۆ دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران نییە، هەر دواكەوتنێك كە لە 30 رۆژ زیاتر بێت، ئەوا نایاساییە، كەچی لە 2014وە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوا دەكەوێت و ئەوان لێی بێدەنگن، یانیش دەستخۆشی لە دواكەوتنەكە دەكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، لە چەندان فەرمانگەی عێراقدا بە هۆی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران ناڕەزایی بەڕێوەچوو، هەندێكیش لە فەرمانبەران بایكۆتی دەوامیان كرد. پەرلەمانتارانی عێراق بەدوای یەكتر لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێراق هاتنە دەنگ و داوا دەكەن، لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری دارایی بكرێت.
لەوانە ئیبتسام هیلالی كە ژنە پەرلەمانتارێكی عێراقە و لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ، "بە هیچ پاساوێك نابێت مووچەی فەرمانبەران دوا بكەوێت و دەبێت لە 30 رۆژ دابەش بكرێت". ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی دەكاتەوە كە بڕینی مووچە یان گۆڕینی، سەرەڕای ئەمانەیش دواكەوتنی هەر هەموو ئەمانە نایاسایین و هیچ بڕگەیەكی یاسایی نییە رێگە بە دواخستنی مووچەی فەرمانبەران بدات.
لە ساڵی 2014وە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دوا دەخرێت، كەچی هیچ یەكێك لە پەرلەمانتارە عەرەبەكان لە لێدوان زیاتر هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە، تەنانەت لە خولەكانی رابردوو دەستخۆشییان لە حكوومەت كردووە، بەهۆی ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەناردووە یان رای گرتووە، كە بە هەمان شێوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواخستنی مووچەكە نایاساییە.
پێشتر شارەزایانی یاسا دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، لە یاساكانی عێراقدا هیچ بڕگەیەك نادۆزرێتەوە باس لە دواخستن و نەدانی مووچەی فەرمانبەران بكات كە بەم شێوەیەی دەرهەق بە كوردستان ئەنجام دەدرێت. تەنیا یەك بڕگە نەبێت باس لە دواخستنی مووچە دەكات، ئەویش لە یاسای بەرزفتی فەرمانبەرانە كە ئەگەر فەرمانبەرێك پابەند نەبێت بە هەندێك رێنوێنی، ئەوا كەمێك لە مووچەكەی وەك سزا دەبڕێت.
بەڵام دواخستنی مووچەی سەتان هەزار كەس بە هۆكاری سیاسی، ئەمە لە هیچ كاتێكدا بوونی نەبووە و هیچ بڕگەیەكی یاساییش نییە پشتیوانی لێ بكات. بۆیە ناوەڕۆكی پەیامی پەرلەمانتارانی عێراق لەبارەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران دروستە، هیچ پاساوێكی یاسایی نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بێت ئەوەیە، هەمان پەیام بۆ دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە.