زەیدی داوای ئامادەسازیی شەڕ لە عێراق دەكات

:: PM:04:58:06/08/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم شانەی راگەیاندنی تەناهی رای گەیاند كە بە فەرمانی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بڕیار درا ئاستی ئامادەسازیی تەناهی بەزر بكرێتەوە و ئامادەیی هێزە تەناهی و سەربازییەكان بگەینرێتە ئاستی شەڕ، لەوانە چڕكردنەوەی مەشق و جموجۆڵی كەرتە سەربازییەكان. 

بەپێی بەیاننامەیەكی شانەی راگەیاندنی تەناهی، بە فەرمانی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بڕیار درا ئاستی ئامادەسازیی تەناهی و شەڕوانیی هێزە تەناهی و سەربازییەكان لەوانە مەشق و جووڵەكردن بە كەرتەكان بەرز بكرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی ئەوپەڕی ئامادەسازیی هەموو كەرتەكانی هێزە تەناهییەكان و بەرزكردنەوەی توانایان بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان، بەو شێوەی ببێتە سەقامگیریی تەناهی و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەەدیی گشتی.

ئەمە و هەر ئەمڕۆ چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایان كرد كە فەرمان لە فەرماندە باڵاكان دەرچووە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەسازیی هێزە جۆراوجۆرە تەناهی و سەربازییەكان لە تەواوی عێراق، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەرپرسانی سەربازی و مانەوەیان لەوپەڕی ئامادەسازیدا.

ئەو رێوشوێنانە هاوكاتن لەگەڵ كۆتاهاتنی ئەو مۆڵەتەی میلیشیاكان بۆ حكوومەتی عێراقیان دیاری كردبوو بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی سعوودیە و ئەمەریكا، هەروەها ئامادەسازی بۆ هەڵمەتێكی نوێی گرتنی تۆمەتباران بە گەندەڵی و نزیكبوونەوەی وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە كۆتایی ئەم مانگە و دەست پێكردنی هەڵمەتی داماڵینی چەك، بۆیە لە ئەگەری دروستبوونی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، هێزە تەناهی و سەربازییەكانی عێراق كەوتوونەتە دۆخی ئامادەسازی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل