وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دەستمان بەسەر 325 مووشەك و 16 هەزار چەك گرتووە

:: PM:03:10:07/08/2026 ‌
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند هەوڵەكان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەك بەردەوامە و دواجاریش 325 مووشەك و بۆمب و 16 هەزار و 616 پارچە چەكی جۆراوجۆر دەستیان بەسەر داگیراوە.

ئەمڕۆ هەینی حەوتی ئاب وەزارەتی ناوخۆی عێراق زانیاری لەسەر گرتنی چەك بڵاوكردووەتەوە و دەڵێ‌، "دواجار دەستمان بەسەر دوو هەزار و 797 چەك گرتووە و كۆی گشتی ئەو چەكەی تا ئێستە دەستی بەسەر داگیراوە گەیشتووەتە 16 هەزار و 616 پارچە چەك".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای دەكات دەستیان بەسەر 325 مووشەك و بۆمب داگرتووە لەگەڵ هەزار و 72 كیلۆ تەقەمەنی. سەبارەت بەو كەسانەی كە چەكەكانیان تۆمار كردووە، زۆربەیان چەكی سووكن، ژمارەیان 20 هەزار و 792 چەكە.

لە عێراق بە ملیۆنان چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە، بەشێكی زۆر لەلای میلیشیاكان و هەندێكی تریش لەلای هۆزەكانە، ئەو چەكە ئەمڕۆ ئاماری بڵاوكراوەتەوە زۆربەی ئەو چەكانەن كە لەلایەن هاووڵاتیان بوون.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل