هەواڵگریی ئەمەریكا پێشبینی دەكات رووسیا هێرش بكاتە سەر ئەندامانی ناتۆ

:: PM:07:14:07/08/2026 ‌
بەگوێرەی پێشبینیەكی هەواڵگریی ئەمەریكا، رووسیا لە ماوەی داهاتوودا هێرش دەكاتە سەر ئەندامێكی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی  "ناتۆ" ئامانجەكەیش ئەوەیە توانای ناتۆ تاقی دەكاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی حەوتی ئاب رۆژنامەی وۆڵ ستریت جوڕناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكا ئاشكرای كردووە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمەریكا لە سایەی بەردەوامبوونی شەڕی ئۆكراینا، پێشبینی دەكرێت ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بڕیار بدات، هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی تاقی بكرێتەوە بە هێرشێكی سنوورداری رووسیا.

لە هەڵسەنگاندنەكە هاتووە، هێرشەكە بە یەكێك لەم جۆرانە دەبێت بۆ سەر یەكێك لە ئەندامانی ناتۆ: هێرشی ئەلیكترۆنی، ناردنی گرووپی چەكداری نەناسراو، سنووربەزاندنی سەربازی، ئەم هێرشەیش ئەگەر ئەنجام بدرێت بۆ سەر وڵاتانی بەرەی رۆژهەڵاتی ناتۆ دەبێت كە كۆمەڵێك وڵاتن وەك بولگاریا، ئیستونیا، فنلەندا، پۆڵەندا، رۆمانیا و چەند وڵاتێكی تر.

سەبارەت بە وادەی هێرشەكە پێشبینی دەكرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل