ئەسیمئۆغڵو: ئەگەر راست دەكات با سامانەكەی خۆی ببەخشێت
دەوڵەمەندی بەناوبانگی ئەمەریكی ئیلۆن مەسك دەڵێ، "مۆدێلی پارە نامێنێ و پێویست بە پاشكەوت و مووچەی خانەنشینی ناكات " كەچی ئابووریناسێكیش لە وەڵامدا دەڵێ، "ئەگەر راست دەكەی سامانەكەت ببەخشە".
ماڵپەڕی
ئیرەم نیوز ئەمڕۆ هەینی حەوتی ئاب راپۆرتێكی لەسەر ئەو مشتومڕە بڵاوكردووەتەوە كە مەسك دروستی كردووە، بە هۆی ئەوەی گوتویەتی "پارە بەهای نامێنێ" چونكە ژیری دەستكرد و سیستەمە ژیرەكان دەتوانن ئابوورییەكی ئەوتۆ بەرهەم بهێنن، كە فەراهەمی بڕەخسێنێ و بە شێوەیەك كەس پێویستی بە پارە نامێنێ و تەنانەت چەمكی وەك پاشكەوت و مووچەی خانەنشینیش وەك پێویست بەهای خۆی نامێنێ.
ئەم بۆچوونانەی مەسك لە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوكراوەتەوە، هەندێك لە ئابووریناسانیش پێیانوایە پێشكەوتن لە ئابووری دنیا روودەدات، بەڵام جیاوازی ئابووری لە نێو تاكەكانی مرۆڤایەتی هەر دەمێنێ.
بەڵام دارۆن ئەسیمئۆغڵو كە ئابووریناسێكی ئەمەریكی بە رەچەڵەك توركە و وەرگری خەڵاتی نۆبڵە وەڵامێكی مەسكى داوەتەوە و دەڵێ،" ئەگەر وا بێت با مەسك تا ساڵی 2036 سامانەكەی خۆی ببەخشێ، ئەگەر تەواو باوەڕی بەوە هەیە كە پارە بەهای نامێنێ".
مەسك لە وەڵامدا دەڵێ، "بە راستی بە نیازم هەنگاوێكی لەو جۆرە بنێم" مەسك پێییوایە لە قۆناغی داهاتوو "نزیكەی 10 ساڵی تر" كەلوپەل و خزمەتگوزاری بە سیستەمی نوێ هێندە بەرهەم دێت كە لەسەرووی پێداویستییەكانی مرۆڤایەتی دەبێت.