ئەم كتێبە لە ٣٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە و بە هاوکاری دەزگای موکریان و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار چاپ کراوە، ژمارەیەك بابەتی جۆراوجۆری گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پێنج بەش لە خۆدەگرێت، نۆیەم کتێبی چاپکراوی نووسەر کە چاپکراوە و شەشەم كتێبی نووسەرە كە تایبەت بێت بە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار، سێ لە كتێبە چاپكراوەكانی تایبەت بە گەشتوگوزار لەگەڵ ئەم كتێبە، پەنجەیان لەسەر چەندان ئاستەنگ و کێشەی بەردەم گەشتوگوزار داناوە، لەهەمان کاتدا ژمارەیەكی زۆر هزر و بیرۆكە و چارەسەری بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار لەخۆگرتووە، كە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دەتوانن سوودیان لێوەربگرن و كاری لەسەر بكەن.
لە بابەتەكانی بەشی یەكەمی كتیبەكە زیاتر تیشك خراوەتە سەر لایەنی مێژووی سەرهەڵدانی کارگێڕی گەشتوگوزار لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی ئەوەی خوێنەر ئاشنا بكەین بە ئاستی گرنگیی پێدانی دەسەڵاتەكانی رابردوو بە كەرتی گەشتوگوزار و بەراورد بەو گۆڕانكاریانەی لە دوای ساڵی 2005 لە كەرتی گەشتوگوزار رووداوە، هەروەها لە بەشی یەكەم چەند لایەنێكی هزری و پەرەپێدانی کارگێری گەشتوگوزار خراونەتەڕوو، بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان, کە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینووە.
لە بەشی دووەم بابەتەكان زیاتر لەسەر هزری گەشتوگوزارن لە ڕووی نووسین و هۆشیاری گەشتیاری، بەتایبەت لە بیرکردنەوە و گەشەپێدان و چارەسەری مەترسیەکانی سەر گەشتوگوزار.
لە بەشی سێیەم هزرێكی ئابوورییانە لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت ڕێكارەكانی زیاتر كردنی داهاتی گەشتوگوزار و گرنگیی جۆری ئەو گەشتیارانەی كە دەبنە سەرچاوەی داهاتێكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان.
لە بەشی چوارەم دا چەند هزرێك خراوەتەڕوو بۆ چەند بنەمایەكی گەشتیاری كە پێشتر سوودیان لیوەرنەگیراوە، لەم بەشە باس لە چۆنیەتی سوود وەرگرتن لەو بنەمایانە دەكرێت. لە بەشی پێنجەدا هزری پەرەپێدانی چەند بوارێكی جیاواز خراوەتەڕوو كە گرینگیان بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار هەیە.
لە كۆتایدا دوو پاشکۆی وێنەی هەیە، یەکەم تایبەتە بە چالاکی و کاری مەیدانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە بواری گەشتوگوزار، دووەم پاشکۆ وێنەی گەڕان و گەشتی کاری مەیدانی نووسەرە، دواجار ئەو سەرچاوانەی سوودیان بۆ هەندێك لە بابەتەكانی ئەم كتێبە لێوەرگیراوە خراونەتەڕوو.