بەیانی ئەمڕۆ چەند شوێنێكی سلێمانی كە بەشێكیان بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتن بۆردمان كران، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، ئەوەیش بەهۆی چۆڵكردنی ئەو شوێنانە.
ئەمڕۆ شەموو هەشتی ئاب، سەرچاوەیەك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە چەند درۆنێك هێرش كرایە سەر كەمپ و بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، هێرشە درۆنییەكان كەمپەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕییان لە سوورداش و زڕگوێزەڵە كردووەتە ئامانج.
باسی لەوەش كرد، بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كەمپی بنەماڵەكان لە سوورداش و هاوكات لە بانەگەورەی نزیك زڕگوێز، ماڵی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵە كراوەتە ئامانج. هێرشەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراون.
روونی كردەوە، بەهۆی چۆڵكردنی شوێنەكە، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و ئەوەی هەیە زیانی مادییە.