بڕیارە ئەمڕۆ بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەبارەی دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ كێشەی بەنزین كە نرخەكەی تا دێت ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات، كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ یەكشەم نۆی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەبارەی چارەسەری كێشەی بەنزین هەیە.
ئەوەیش زانراوە كە بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە دەبن و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵكشانی نرخی بەنزین دەكەن.
لە هەرێمی كوردستان تا دێت نرخی بەنزین ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات، بە جۆرێك بەنزینی نۆرماڵ لیترێكی لە دوو هەزار دینار و بەنزینی سۆپەر لە سێ هەزار دینار نزیك دەبێتەوە.
دوێنێ باسم محەمەد وەزیری نەوتی عێراق ڕای گەیاند، ئامادەییمان دەربڕیوە بڕە نەوتی هەرێمی كوردستان كە 50 هەزار بەرمیلە زیادی بكەین و بۆ ئەوە كارێكی قورس نییە.
باسی لەوەش كردبوو، ئەوان رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت دەدەنە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی نرخی سووتەمەنی وەك عێراق بێت، بۆیە بە زیادبوونی دەكرێت گفتوگۆ بكرێت.