مەسروور بارزانی: هەموو هێرشەکانی سەر کوردستان بێپاساون و پاساوەکانیان پووچن

:: PM:09:25:11/08/2026 ‌
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (المقابلة)ی کەناڵی جەزیرە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند کە هەرێمی کوردستان جێگەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و هێرشەکانی سەر کوردستان هیچ پاساوێکیان نییە. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتوو بوون لە فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێم دوور لە گۆڕانکارییەکانی وزە و دووپاتی کردەوە کە نامەرکەزییەت کلیلی گەشەسەندنی وڵاتە بەهێزەکانە. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، گەورەترین کێشەیان لەگەڵ بەغدا بڕوانەبوونە بە سیستمی فیدراڵی، و هەرێم بە توندی پشتگیریی هەوڵەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەکات.

دەقی دیمانەكە وەك خۆی: 

پێشکەشکار: خۆشحاڵین بە ئامادەبوونت لە بەرنامەی (المقابلة) و ئەم دەرفەتەت پێداین بۆ باسکردن دەربارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو ئالانگارییە گەورانەی کە لە دەوروبەریدان.

سەرۆکی حكوومەت: سوپاس بۆ ئێوە.

پێشکەشکار: جەنابت لە کوردستان لەدایک بوویت، بەڵام لە دەرەوە گەورە بوویت؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ، من لە ساڵی 1969 لە کوردستان لەدایک بووم، لە ناوچەیەکی شاخاویی بە ناوی (دیلمان) سەر بە پارێزگای هەولێر.

پێشکەشکار: پاشان دەرچوویت بۆ ئێران؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ، لە ساڵی 1975.

پێشکەشکار: چەند ساڵ لە ئێران ژیاویت؟

سەرۆکی حكوومەت: تاوەکو نزیکەی ساڵی 1991.

پێشکەشکار: ماوەیەکی درێژە.

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ.

پێشکەشکار: کەواتە زمانی فارسی دەزانیت؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ، شارەزای زمانی فارسیم.

پێشکەشکار: لە تاران ژیاویت؟

سەرۆکی حكوومەت: نەخێر، لە سەرەتادا لە کەرەج بووین، دواتر چووین بۆ ورمێ و لە ناوچەیەکی کوردی بە ناوی (سلێڤانا) ژیاین.
پێشکەشکار: پاشان بۆ خوێندن رۆیشتیتە دەرەوەی وڵات؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ، دوای ڕاپەڕین گەڕاینەوە عێراق، بۆ كوردستانی عێراق، پاشان چوومه‌ ئەمەریکا و لە ساڵی 1998 گەڕامەوە.

پێشکەشکار: ئەم نەوەیەی ئێستە سێیەم نەوەیە کە حوکمی هەرێمی کوردستان دەکات، ئایا جیاوازیی گەورە هەن؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ، جیاوازیی نێوان سەردەمی ئێستە و سەردەمەکانی پێشوو.. بێگومان هەیە.

پێشکەشکار: نەوەی یەکەم نەوەی جەنگ و ئاڵۆزییەکان بوو، ئێستاش نەوەی بونیاتنانە، ئایا دەتوانین ئەمە بڵێین؟

سەرۆکی حكوومەت: هەوڵ دەدەین بۆ ئەوە.

پێشکەشکار: ئایا هەست دەکەن هەرێم لە ڕووی سەقامگیرییەوە تا ڕادەیەک هەناسەیەکی ئاسوودەی هەڵکێشاوە؟

سەرۆکی حكوومەت: بێگومان. دۆخەکە باشترە، بەڵام وەک دەیبینیت کێشە هەن.

پێشکەشکار: دەڵێن کورد هیچ دۆستێکی نییە جگە لە شاخەکان نەبێت..

سەرۆکی حكوومەت: ئەگەر خودا بیەوێت، دۆست هەن.. ئێمە دۆستی هەموو خەڵکین و دۆستی هەموو گەلانین.

پێشکەشکار: ئایا ئەوانیش دۆستی ئێوەن؟

سەرۆکی حكوومەت: ئەمە بابەتێکی ترە. ناتوانم ئەمە یەکلایی بکەمەوە، ئەگەر خودا بیەوێت ئەوانیش (دۆستمانن).

پێشکەشکار: یەکێک لە ئالەنگارییەکان، واتا ئالنگارییەکانی نەتەوەی کورد، ئەوەیە کە لەوانەیە تاکە نەتەوە بێت لە جیهاندا خاوەنی نیشتمانێکی نەتەوەیی سەربەخۆ نییە. ئێمە باسی 50 ملیۆن کەس دەکەین، کە دابەش بوونە بەسەر دەوڵەتاندا بەتایبەت تورکیا و ئێران.

سەرۆکی حكوومەت: سەرژمێرییەکی ورد نییە، بەڵام ئەگەر هەیە 50 ملیۆن بن و ژمارەیەکیش لە ئەوروپا و ناوچەکانی تر هەن.

پێشکەشکار: ئێستە هەرێمی کوردستان گوزارشت لە ناسنامەی کوردی دەکات.. بەڕێز سەرۆکی وەزیران، ئێمە خۆشحاڵین بە ئامادەبوونت. چەندین دۆسێی سیاسی هەن کە پێوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەو جەنگی کە بەردەوامە، بە پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانتانەوە هەیە، دەمانەوێت بیانخەینە ڕوو.. بەخێر هاتن.

سەرۆکی حكوومەت: زۆر سوپاس.

پێشکەشکار: دۆسێی جەنگی ئێران گەرمترین دۆسێی ئەمڕۆیە. چۆن لەم جەنگە دەڕوانن و گەیشتووە بە کوێ و داهاتووی چۆن دەبێت؟ هەڵوێستی حكوومەتی کوردستان چییە لەم جەنگە؟

سەرۆکی حكوومەت: هەڵوێستمان لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕوون بوو: ئێمە نامانەوێت ببینە لایەنێک لە هیچ ململانێ یان جەنگێک لە ناوچەکەدا. بێگومان ئێمە نەبووین کە ئەم جەنگەمان دەست پێ کرد، ئەوەی دەمانەوێت بریتییە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوور بێت لە هەر ململانێیەک. هەروەها چارەسەری ئاشتیانە بۆ هەر کێشەیەک بەلاوە پەسەندترە. باوەڕمان وایە کە هەر جەنگێک لە کۆتاییدا بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە کۆتایی دێت، بەڵام دوای بەفیڕۆدانی کاتێکی زۆر یان سەرچاوەیەکی زۆر و گیانلەدەستدانی زۆرێک لە گیانەکان، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە. بۆیە پێمان باشترە ڕێکەوتنێکی ئاشتیانە ببینین کە تێیدا بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکان ڕەچاو بکرێت و ڕێزیان لێ بگیرێت، هەروەها... سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هیوادارین گشت لایەنەکان ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن.

پێشکەشکار: ئایا هەوڵ هەبووە، بە باوەڕی جەنابت، بۆ ڕاکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەم جەنگە، بۆ ئەوەی بەشداری لەم جەنگە بکات یان ببێتە بەشێک لێی بە شێوەیەک لە شێوەکان؟

سەرۆکی حكوومەت: لەوانەیە هەوڵ هەبووبێت، بەڵام هەڵوێستمان لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕوون بوو: نامانەوێت ڕابکێشرێینە ناو جەنگێکەوە کە نامانەوێت ببینە بەشێک لێی.

پێشکەشکار: ئەو هەوڵانە چی بوون، واتە، ئایا هاندران بۆ بەشداری كردن لەلایەن ئەمەریکاوە؟
سەرۆکی حكوومەت: نەخێر، هیچ فشارێک بوونی نەبوو؛ با تەواو ڕوون بم، هیچ لایەنێک فشارێکی نەکردووە سەر ئێمە بۆ ئەوەی ببینە بەشێک لە هیچ جەنگێک. ئێمە بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆمان هەیە و ئەو بەرژوەندییانەش لە پلەی یەکەمدا دێن پێش هەموو شتێک. ئێمە ڕێز لە پێوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان دەگرین، بەڵام نامانەوێت لایەنێک بین لە جەنگێکی نوێدا.

پێشکەشکار: وەک سەرۆکی حكوومەتی هەرێم، بەڕێز مەسروور بارزانی، چۆن ئەنجامەکانی جەنگ هەڵدەسەنگێنیت تاوەکو ئێستە؟
سەرۆکی حكوومەت: دۆخێکی زۆر سەختە. وەک دەزانن، ناوچەکە دۆخێکی ناسەقامگیر دەبینێت، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرینی کردووەتە سەر ئابووری، نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا، هەروەها ناوچەکە لە دۆخێکی نادیاردا دەژی، کە تێیدا نازانین کۆتایی ئەم جەنگە چۆن دەبێت. لە ئەنجامدا، دڵەڕاوکێ لێرە لە هەرێمی کوردستان باڵادەستە، هەروەها لە زۆر شوێنی تریش باڵادەستە. هەموومان هیوادارین ئەم جەنگە لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بێت.

پێشکەشکار: واتە ئێوە هیوادارن لە دەرەوەی جەنگ بن، بەڵام دۆخەکەتان وەک ئەوە وایە کە (لایەنێک هەیە) ناچارتان دەکات یان بەزۆری دەتانخاتە ناو ئەم جەنگەوە. لە لایەکەوە، کۆمەڵێك گرووپی عێراقیی ناحكوومەتی هەرێم دەکەنە ئامانج و ناوچەی دیاریکراو تێیدا دەکەنە ئامانج. ئێرانیش ناوچەکانی تری هەرێم دەکاتە ئامانج. هەروەها لە لایەکی تر پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییە ئێرانییەکان بەرانبەر ئێران ڕۆڵ دەگێڕن و، وەڵامدانەوە هەیە بۆیان. وەک ئەوە وایە دۆخەکە ڕێگەتان پێ نادات دوور بکەونەوە لەم جەنگە؟

سەرۆکی حكوومەت: سەبارەت بەو ئۆپۆزسیۆنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوان لە پێش ساڵی (1991)ەوە لێرەن، بەڵکو تەنانەت لە ماوەی پێشووترشدا هەبوون و وەک پەنابەر هاتنە عێراق. بۆیە ئەم کێشەیەمان بە میرات بۆ ماوەتەوە و هۆکاری دروستبوونی نەبووین، زۆرێک لەم کەسانە خێزانیان هەیە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەوان دابەش بوون بەسەر ناوچە جیاجیاکانی دەڤەرەکەدا. سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی لە تواناماندا هەبوو کردمان بۆ مسۆگەرکردن و پابەندبوونی هەمووان بە سیاسەتی فەرمیی هەرێم و حكوومەتەکەمان، بۆ ئەوەی نەبنە لایەنێک لە هیچ کێشەیەکدا و نەبنە هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی هیچ کام لە دراوسێکانمان. سەبارەت بە هێرشکردن لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەوە جێگەی داخە کە هێرشەکە لە ڕاستیدا ڕووی دا، هەرێم تاوەکو ئێستە ڕووبەڕووی زیاتر لە (1000) هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، جا چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە یان لە ناو عێراقەوە لەلایەن هەندێک میلیشیاوە. بەداخەوە، باوەڕمان وایە کە هەموو ئەم هێرشانەی دژی کوردستان بێپاساو و بێ بنەمان. بەداخەوە، زیانی گیانیشمان پێ گەیشت و ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانمان لەدەست دا. هەروەها چەند بەشێکی گەورە لە ژێرخانی ئابووریمان تووشی زیانی فراوان بوون. بێگومان، ئەم هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستانمان شەرمەزار کرد و بەردەوامین لە شەرمەزارکردنی، چونکە هەرێم نییەتی ئەوەی نییە ببێتە لایەنێک لەم ململانێیەدا، تەنانەت سەیرش نەکرێت لە ڕوانگەی ئەوەی کە بووەتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی هیچ لایەنێک.

پێشکەشکار: هۆکارە ڕاگەیەندراوەکان چین بۆ هێرشکردن لەسەر هەرێم، بەم ژمارە گەورەیەی کە زیاترە لە 1000 هێرش؟

سەرۆکی حكوومەت: باشە، ئەوان زۆر ڕوون بوون سەبارەت بە هۆکارەکان. یەکێک لەم هۆکارانە بریتییە لە باوەڕیان بەوەی کە هەرێمی کوردستان، وەک ناوچەکانی تری عێراق، میوانداریی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات، ئەم هێزانەش هاتنە عێراق بەپێی بانگهێشتی حكوومەتی عێراق و ئەرکەکەیان بریتی بوو لە شەڕکردن دژی ڕێکخراوی داعش و تیرۆر، بۆیە بوونیان بەردەوام بوو. وەک هەموومان دەزانین، ئەم ئەرکە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا کۆتایی دێت و لەو کاتەبەدواوە ئەو هێزانە دەچنە دەرەوەی وڵات. کەواتە، بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە پشتیان پێ بەست، بە بڕوای من بڕیاری کشانەوەپێکردنیان بڕیارێکی زۆر خراپ بوو، لەلایەن هەموو ئەوانەی کە سەیری ئەو هێزەی هاوپەیمانان دەکەن وەکو کێشە، چونکە ئەوان هاتبوون بۆ یارمەتیدانی گەلی عێراق و ڕزگارکردنی لە تیرۆر، پاشان هێرش دەکەنە سەریان تەنیا وەک بیانوویەک. سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بە بەهانەی بوونی ئەو هێزانە، ئەوە شتێکی قبووڵنەکراوە و ناتوانرێت پاساو بۆی بهێنرێتەوە جا بە هەر بەهانەیەک بخڕێتە ڕوو. بێگومان، ئەوەشمان بیست کە بوونی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بە لای هەندێکیانەوە، بە هۆکارێکی تر بۆ ده‌ستپێکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە. بەڵام، بەداخەوە، ئەم هێرشانە سنووردار نەبوون بە ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵکو شۆڕبوونەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی تەواوی هەرێم و بوونە هۆی کەوتنی قوربانی، تەنانەت هاووڵاتییە سڤیلەکانمان باجی هەرە گەورەیان دا و، کاریگەرییەکی گەورەشیان لەسەر ئابووریی هەرێم هەبوو. بەڵام، وەکو گوتم، هەرێمی کوردستان لایەن نییە لەم جەنگەدا، هەموو شتێکمان کرد کە لە تواناماندا هەبوو بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی هەرێم هیچ هەڕەشەیەک دروست نەکات بۆ ئاسایشی هیچ لایەنێک، جا چ لایەن بن لە ململانێدا یان هێزەکانی ناوچەیی یان وڵاتانی دراوسێ. بۆ ئەوەی ڕاشکاوانە بم لەگەڵتدا، پێم وایە کە ئەمانە تەنیا پاساوی پووچن بۆ ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پاساویان بۆ بهێنرێتەوە.

پێشکەشکار: ئایا هێرشی ئەمەریکی دژی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە دەست پێ ناکات؟ باسی بنکەی هەریر دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ڕەنگە کوردستان- بەپێی تۆمەتە ئێرانییەکان- خاکی دەستپێکردنی هێرش بێت بۆ سەر ئێران و، لەبەر ئەم هۆیەش دەکرێتە ئامانج؟

سەرۆکی حكوومەت: ئەمە ڕاست نییە؛ یەکەم، بنکەی ئاسمانیی هەریر ماوەی دە ساڵە چۆڵە. سەرەتا لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە شەڕی دژ بە داعشدا بەکارهێنرا و، شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی 2017 کۆتایی هات. بنکەی هەریر چۆڵە. ئەم هێرشانە هەموویان بنکەیەکی چۆڵیان کردە ئامانج و هیچ سەربازێکی ئەمەریکی لە هەریر نییە، بەڵکو هیچ هێزێکی سەربازی تێیدا نییە بە هەموو شێوەیەک. بێگومان، بوونی ئەمەریکیمان لە هەولێر هەبوو، ئەم بوونەش چەندین جار ڕووبەڕووی ئامانجگرتن بووەوە. بەڵام، وەک دەزانن، ئەرکی ئەمەریکییەکانی ناو هەرێمی کوردستان سنووردار بوو بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هاوڵاتییانی عێراق، بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیشەوە، لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان.

پێشکەشکار: قەبارەی بوونی ئەمەریکی لە هەرێمدا چەندە؟

سەرۆکی حكوومەت: ئێستە، چیتر هیچ بوونێکیان نییە. وەک دەزانن، ئەو هێزانە بەڕاستی ڕۆیشتن. لە ئەنجامدا ئەمەریکا ئەرکی خۆی کۆتایی پێ دێنێت بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان خۆی و حكوومەتی فیدراڵیدا کراوە.

پێشکەشکار: تۆمەتە ئێرانییەکان دەربارەی چالاکیی پارتە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزسیۆنەکان کە هەرێم یان سنووری هەرێم بە مۆڵگەی خۆیان دەزانن... چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکەن؟

سەرۆکی حكوومەت: ئێمە پێمان وایە کە هەر کێشەیەک پێوەندیی بە کوردەوە هەبێت، لە هەر وڵاتێکدا، دەبێت بە ڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. باشترین ڕێگەش بۆ ئەوە گفتوگۆیە. بۆیە ئەگەر جیاوازی یان ململانێ لەگەڵ گرووپ یان قەوارە سیاسییەکاندا هەبن، یان وەک لەم حاڵەتەدا لەگەڵ کورد لە ئێران، ئەوە باوەڕمان وایە ڕێگەی دروست بریتییە لە کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە نێوان لایەنە جیاجیاکاندا. بێگومان، هیچ کەسێک ناتوانێت بوونی کورد ڕەت بکاتەوە. کورد بەشێکی ڕەسەنی وڵاتانی ناوچەکەن کە تێیدا دەژین و سەر بەم خاکەن. بەڵام لەم حاڵەتە دیاریکراوەدا، پێمان وایە قەبارەی ئەو هەڕەشەیەی کە وێنا کراوە، یان بەو شێوازەی کە تێیدا کورد وێنە کراون کە مەترسییەکی گەورە دروست دەکەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەوە وێنەکە زۆر گەورە کراوەتەوە و قەبارەکەی زێدەڕۆیی تێدا کراوە. کورد ئەو کاریگەرییە گەورەیەی نەبوو و هیچ نییەتێکی ڕاستەقینەیان نییە بۆ ئەوەی ڕۆڵێک بگێڕن کە دۆخەکە خراپتر بکەن. لە بنەڕەتدا، هەموو کەسێک هەوڵی پاراستنی خۆی دەدات، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، هەموو شتێکمان کردووە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سنوورەکانمان، بۆ دڵنیابوون لەوەی خاکی هەرێم لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بەکارنەهێنرێت بۆ زیانگەیاندن بە هیچ کام لە دراوسێکانمان.
پێشکەشکار: بەڵام بەڕێز سەرۆکی وەزیران، دەزانیت کە لە سەرەتای جەنگەکەدا، قسەی زۆر گەورەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی هەبوو سەبارەت بە ڕۆڵی پارتە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕووخاندنی ڕژێمدا، پاشان ترەمپ تووڕە بوو و بەڕوونی گوتی چەکدار کراون، پاشان ئەوان بەشدارییان نەکرد، بەڵکو دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرت کە پێمان دان. واتە پشتئەستوورییەک هەبوو بە کوردە ئێرانییەکان لە سەرەتای جەنگەکەدا.
سەرۆکی حكوومەت: مافی هەر لایەنێکە کە شیکاریی تایبەتی خۆی پێشکەش بکات، تێڕوانین یان ئارەزووی هەبێت سەبارەت بە دەرئانجامەکانی هەر ڕووداوێک. بەڵام سەبارەت بەم جەنگە، بە هەموو ڕوونی و ڕاشکاوییەوە دەیڵێم: ئێمە لایەن نەبووین لەم جەنگەدا، و لایەنیش نابین تێیدا.

پێشکەشکار: بابەتی ئیسرائیل و پێوەندیی لەگەڵ کوردستاندا ناڕوونە لە جیهانی عەرەبیدا، قسە هەیە سەبارەت بە پێوەندیی گەورە، پێوەندیی گرنگ، پێوەندیی نهێنی و شتی لەو بابەتە. چۆن بەڕێز مەسروور بارزانی لە بابەتی پێوەندییە تایبەتەکانی هەرێم لەگەڵ ئیسرائیل دەڕوانێت؟

سەرۆکی حكوومەت: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و سیاسەتی دەرەکیی سەربەخۆ پەیڕەو ناکات. بۆیە ئێمە پابەندین بە سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتی عێراق و، بەپێی ئەو ڕێچکەیە کار دەکەین کە حكوومەتی فیدراڵی پەیڕەوی دەکات.

پێشکەشکار: کەواتە هیچ پێوەندییەکی هەرێم بە ئیسرائیلەوە نییە؟

سەرۆکی حكوومەت: وەک ئاماژەم پێ دا، هیچ پێوەندییەکمان لەگەڵیدا نییە، پێوەندییە فەرمییەکان و سیاسەتی دەرەکی لە دەسەڵاتەکانی حكوومەتی فیدراڵن و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نین.

پێشکەشکار: ئێستە بەڕێز مەسروور بارزانی، جەنابت سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی، هەرێمی کوردستان، و تۆ بەشێکی لە عێراقی فیدراڵی گەورە. کێشەیەک هەیە پێوەندیدارە بە عێراق و هەڵوێستییەوە ددەربارەی جەنگ. دراوسێکان ئازاردەدرێن بەهۆی چالاکیی میلیشیاکانەوە، حەشدی شەعبی بە دیاریکراوی، هەندێک گرووپی ناحكوومەتی بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ دەکەن؛ کوێت و سعودییەیان بۆردمان کرد و تەنانەت عێراقیانش بۆردمان کرد، کوردستان ئێستە، و دیار نییە عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەم بابەتەی هەبێت. چۆن لەم بابەتە دەڕوانن؟

سەرۆکی حكوومەت: ئێمە سیاسەتی فەرمیی حكوومەتی فیدراڵ پەیڕەو دەکەین، بەتایبەتی هەڵوێستی بەڕێز سەرۆک وەزیران زەیدی، کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هیچ گرووپێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا چەک هەڵبگرێت، یان دەسەڵاتی هەبێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق یان ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکات. بۆیە، هەندێک لەو چالاکییانەی کە لەلایەن هەندێک لەم گرووپانەوە ئەنجام دەدرێن زیان بە عێراق دەگەیەنن بە پلەی یەکەم پێش ئەوەی زیان بە دراوسێکانی بگەیەنن. بینیمان چۆن زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە کە لەلایەن ئەو گرووپانەوە کرابوون، جا چ بە مووشەک یان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووبێت. بەداخەوە، ئەم هێرشانە درێژ بوونەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ژێرخانەکەمان، ئامانجە مەدەنییەکان، تەنانەت بنکە سەربازییەکانمانش ڕووبەڕووی زنجیرە هێرشێک بوونەوە و ئەمە بابەتێکە دەبێت بوەستێت. ئێمە پشتگیریی تەواوی سەرۆک وەزیران دەکەین لە هەوڵەکانیدا بۆ پابەندکردنی هەمووان بە سەروەری یاسا و، دڵنیابوون لەوەی کە هیچ لایەنێک لە دەرەوەی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتدا توانای هەڕەشەکردنی بۆ سەر ئاسایشی عێراقییەکان یان ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەبێت.

پێشکەشکار: ئایا ئەم گرووپانە لە دەوڵەت بەهێزترن؟ واتە ئەو گرووپانە هێرش دەکەنە سەر عێراق، هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە سووریا و ئوردن دەکەن، هەمووان گلەییان لێ دەکەن، ئایا لە دەوڵەت بەهێزترن؟
سەرۆکی حكوومەت: ناتوانم بڵێم ئەوان لە حكوومەت بەهێزترن. باوەڕم وایە کە تاوەکو ئێستە هیچ هەوڵێکی جددی نەبووە بۆ چەکداماڵینیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێز، چونکە ئاراستەکە، تاوەکو ئێستە، بریتییە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە کە گەرەنتی ئەوە بکات کە ئەم گرووپانە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، یان ئاوێتەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بن. کەواتە، هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینە ڕووی نەکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان لە ڕێگەی هێز. پێموایە ئەمە ڕێچکەی دروستە بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوونی ئەم گرووپانە لە کۆتاییدا بە یاساکانی دەوڵەت و ڕێساکانی.

پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆک، ئەمە دەرگایەک دەکاتەوە بۆ پرسیارە گەورەکە کە پێوەندیدارە بە هەژموونی ئێران لە عێراقدا؟

سەرۆکی حكوومەت: عێراق دەوڵەتێکە دراوسێی ئێرانە، سنوورێکی درێژی لەگەڵیدا هەیە، بۆیە شتێکی ئاساییە کە پێوەندی لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئەم پێوەندییانە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و متمانەی هاوبەش بونیات بنرێن. هەموو دەوڵەتەکان دەبێت ڕێز لە یەکدی بگرن، بەپێی ئەو نەریتانەی کە پێوەندییەکانی نێوانیان ڕێکدەخەن و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ئەم پێوەندییانە. هەروەها دەبینین کەوا عێراق پێویستە جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و بەهێزکردنیان بکات، لە هەمان کاتدا، دروستکردنی پێوەندیی گەلێکی سروشتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ ڕێچکەی سروشتییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پێوەندییانە. بەڵام، وەک گوتم، دەبێت عێراق بە تەواوی سەربەخۆ بێت لە بڕیارەکانیدا و، بەرژەوەندیی گەلەکەی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بخاتە سەروی هەموو شتێکەوە.

پێشکەشکار: دوو لایەنی جەنگەکە ئێستە، ئەمەریکا و ئێران، هەردووکیان یاریزانی سەرەکین لە دروستکردنی بڕیاری عێراقیدا لە ساڵی (2003)وە و ڕووخاندنی ڕژێمی عێراقی (پێشوو). چۆن عێراق دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان دوو لایەنی جەنگەکە و هەژموونی ئەمەریکی و ئێرانی ڕابگرێت؟

سەرۆکی حكوومەت: وەکو دەزانن، عێراق بە زنجیرەیەک ڕووداودا تێپەڕیوە کە خستییە پێگەیەکی زۆر سەختەوە. ڕژێمی پێشوو ڕووخا، پاشان داگیرکاریی ئەمەریکی بۆ سەر عێراق هات و، لە سەرەتادا ئەوە بە داگیرکاری ناوزەد کرا، پاشان هێزەکان خۆیان وەک هێزی پەلاماردەر ناساند. لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بوونی سەربازیی بیانی لە عێراقدا بە ڕادەی جیاواز بەردەوام بووە. پاشان بینیمان تیرۆر سەری هەڵدا، ئەوەش ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی ناچار کرد، لەسەر داوای حكوومەتی عێراق، کە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپیی دۆستیش پێوەندییان پێوە کرد. بەم شێوەیە، بوونی چەند هێزێکی بیانی لە عێراقدا دروست بوو بە ئامانجی یارمەتیدانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و هێزە دەرەکییەکان. بێگومان، ئێرانیش هەوڵی دا، با بڵێین، هەژموونی خۆی زیاتر بکات هەر کاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا بێت. ئێران ئەم بارودۆخانەی بە ڕێگەیەک بینی بۆ بەهێزکردنی ئامادەبوونی و زیادکردنی کاریگەریی لە ناو عێراقدا. ئەمە عێراقی خستە دۆخێکەوە کە تیایدا دەبێت ئەم پێوەندییە بەڕێوە ببات؛ لە لایەکەوە، پێوەندیی دۆستایەتی عێراق دەبەستێتەوە بە هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە ڕابردوودا یارمەتییان داوە. لە لایەکی دیکەوە، زۆر هاوبەشی هەن کە عێراق و ئێران بەیەک دەبەستێتەوە. زۆر خاڵی هاوبەشمان هەن، کە هەردوو دەوڵەت لە یەکدی نزیک دەکەنەوە، وەک ئایین و جوگرافیا و مێژوو. بۆیە، عێراق دەبێت ئەم پێوەندییە بەڕێوە بببات. بەڵام، لە ڕوانگەی منەوە، دەبێت بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.

پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆک، جەنگەکە بەرەو کوێ دەچێت؟

سەرۆکی حكوومەت: زۆر قورسە پێشبینیی ئەوە بکرێت، دەزانم کە ڕۆژێک کۆتایی دێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کەی؟ بە دیاریکراوی نازانم. نازانم چەند کەس دەبنە قوربانی، یان چەند ژێرخان وێران دەکرێن، یان چەند کات بەفیڕۆ دەچێت، بەر لەوەی ئەم شەڕە کۆتایی بێت.

پێشکەشکار: پێت وایە شەڕەکە بەرەو فراوانبوونە یان کۆتاییەکی نزیک؟

سەرۆکی حكوومەت: ناتوانم پێشبینی بکەم. بێگومان قسەوباسی زۆر هەیە، خەڵک باس لە سیناریۆکان دەکەن؛ ئایا چی ڕوودەدات، شەڕەکە دەرەنجامێکی باشتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، یان دانوستانەکان دەبنە هۆی جۆرێک لە ڕێککەوتنی ئاشتییانە لەنێوان ئەمەریکا و ئێران. کەواتە، پێشبینیی زۆر هەن، بەڵام لە دیدی منەوە، تاکوو ئێستە هیچ شتێک دڵنیا نییە، هەر بۆیەش زۆر قورسە بۆم پێشبینیی ئەوە بکەم چی ڕوودەدات.

پێشکەشکار: هەرێمی کوردستان پێشتر کێشەی ئابووریی زۆری هەبووە، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی شەڕی ئەمەریکی ئیسرائیلی - ئێرانی لەسەر هەرێم چین؟

سەرۆکی حكوومەت: کاریگەریی ڕاستەوخۆ هەیە و کاریگەرییەکی گەورەشی لەسەر ئابوورییەکەمان هەیە. وەک دەزانن، حكوومەتی عێراق، وەک وڵاتێک کە پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە، لەگەڵ داخرانی گەرووی هورمز، نەیتوانی نەوتەکەی هەناردە بکات و ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووریی عێراق هەبوو، کە ئێمەش بەشێکین لێی. بۆیە بێگومان کاتێک عێراق کاریگەریی لەسەر دەبێت، ئێمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریمان لەسەر دەبێت. هەروەها هەندێک لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بوونە هۆی سستبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا. بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی تر بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ دەتوانین بڵێین زیاتر لە ٧٠٪ی قەبارەی بازرگانییەکەمان لە پێشتر کەمتر بووەتەوە. کەواتە، ئەمە بێگومان کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێت، پێم وایە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکوو بۆ سەرجەم ناوچەکە؛ وەک دەبینن، زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش بەم شەڕە بەردەوامە زیانیان بەر دەکەوێت.

پێشکەشکار: ئایا ئەمە گفتوگۆکان لەسەر پرسی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردنی کوردستان ناوروژێنێتەوە؟ پرسی ئەوەی کوردستان جێگرەوەیەکی زۆر نایابە و کاریگەریی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزی لەسەر نییە؟ ئایا ئەم شەڕ و سەختییە ئابوورییانە، گفتوگۆکانی پرسی نەوت ناوروژێنێتەوە؟

سەرۆکی حكوومەت: ئێمە بەڕاشکاوی و بەڕوونی ئەوەمان گوتووە: هەرێمی کوردستان ئامادەیە بە هەر شێوەیەک بێت، یارمەتیی بەغدا بدەین. ئێمە بە تەواوی پشتگیری لە سەرۆک وەزیران زەیدی دەکەین و هەموو توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ پشتگیریکردنی ئابووریی وڵات. بەڵام دەبێت واقیعی بین، عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی لە باشوورەوە هەناردە دەکرد. ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمانە، ناتوانێت قەرەبووی ئەم زیانانە بکاتەوە؛ ناتوانین زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنین و ڕەنگە تا 400 هەزار بەرمیل بڕوات، ئەگەر وەبەرهێنانی زیاتر هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لە کەرکووکەوە هەبێت. تەنانەت ئەگەر حكوومەتی فیدراڵییش بتوانێت بەشێک لە هەناردەکانی خۆی لە ناوچەکانی تری وڵاتەوە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بگوازێتەوە بۆ تورکیا. با وا دابنێین گەیشتینە ملیۆنێک بەرمیل، ئەمە هێشتا بەس نییە. عێراق پێویستیی بەوەیە بڕێکی زیاتر لەوە نەوت هەناردە بکات، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لەدەستچوونی داهاتەکەی. بۆیە بەڵێ، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکار بێت، دەتوانێت قەبارەی بارگرانییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام بێگومان ناتوانێت کێشەکە بەتەواوی چارەسەر بکات.

پێشکەشکار: دەتوانرێت تا چ ئاستێک نەوت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت؟

سەرۆکی حكوومەت: وەک ڕوونم کردەوە، هەرێمی کوردستان پێویستیی بە وەبەرهێنانی زیاتر هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، بەڵام هەڕەشەکانی ئێستە و ئەو هێرشانەی کە پێشتر لەلایەن هەندێک لەم گرووپانەوە کرانە سەر ژێرخانی نەوت، بیرە نەوتەکان و پاڵاوگەکان، وای کردووە زۆر قورس بێت بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان بگەڕێنەوە بۆ وەبەرهێنان، یان تەنانەت بەردەوام بن لە کارەکانیان. ئەم کۆمپانیایانە نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، تا ئەم دواییانە، ئەوەش دوای ئەو دڵنیاییەی کە لەلایەن سەرۆکوەزیران زەیدی و حكوومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتەوە پێیان درا. بەڵام گەیشتن بە ئەوپەڕی توانای بەرهەمهێنان کاتی دەوێت. سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمهێنانیش، ئەوە پێویستیی بە وەبەرهێنانی زیاترە. بەڵام توانای بەرهەمهێنانی بەردەست لێرە هێشتا زۆر کەمترە لەوەی کە عێراق دەتوانێت لە باشوور بەرهەمی بهێنێت. بۆیە جگە لە هاوکاریی هەرێمی کوردستان، پێویستە عێراقیش بتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات، بۆ ئەوەی داهاتی پێویست بەدەست بهێنێت و بەردەوامیی ئابوورییەکەی مسۆگەر بکات.

پێشکەشکار: بەڵام ئەمە پێویستیی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی یاسای نەوت هەیە و پرسی پێداچوونەوە بە مافی هەرێم لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و هتد؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ، بێگومان وایە، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستە یاسای نەوت نییە و پەسەندکردنیشی کەمێک کاتی دەوێت، چونکە بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بڕیاردان لەسەری. ئەم یاسایەش پێویستە، چونکە ئێمە پێویستمان بە یاسای نەوت و غاز هەیە، کە بە ڕوونی مافەکانی هەر لایەنێک دیاری بکات. بێگومان، ئێمە دەستوورمان هەیە و ئەو بەڕوونی مافەکانی هەرێم و مافەکانی حكوومەتی فیدراڵی دیاری دەکات. بۆیە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ دەستووردا نییە، چونکە پێشتر باسی ئەم پرسەی کردووە و ڕێککەوتنیش لەسەری هەیە. بەڵام ئێمە تا ئێستە یاسامان نییە و حكوومەتی عێراق هێشتا پشت بە یاسایەک دەبەستێت کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975؛ ئەویش یاسایەکە هەڵوەشاوەتەوە، چونکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو. تا ئێستاش، هیچ یاسایەک لەم ڕووەوە نییە. سیستەمەکە گۆڕاوە و عێراق لە دەوڵەتێکی خاوەن سیستەمی ناوەندییەوە بووەتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، بەڵام یاساکان وەک خۆیان ماونەتەوە و ئەمەش کێشە دروست دەکات. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە تا ئێستە ڕووبەڕووی هەندێک کێشە ببینەوە.

پێشکەشکار: دەمەوێت بەڕێز سەرۆکی حكوومەت، مەسروور بارزانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پێوەندییە بکات لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیدا، ئێستە هەرێمێک هەیە کە ئاستێکی بەرزی سەربەخۆییی هەیە لە یاساکانیدا، بەڵام بەشێکە لە عێراقی فیدراڵیی گەورە و کێشەش هەیە. دیارترین ئەو گرفتانە چین کە کورد و حكوومەتی فیدراڵی تێیان نەپەڕاندووە؟ با وەک خاڵی سەرەکی بیانژمێرین.

سەرۆکی حكوومەت: گەورەترین کێشە لە پەیڕەوکردنی سیستەمی فیدراڵیدایە، کە هێشتا کەسانێک لە بەغدا هەن، بڕوایان بە سیستەمی فیدراڵی نییە، یان تەنانەت تێینەگەیشتوون. هەروەها سیستەمی فیدراڵی بەو شێوەیە جێبەجێ نەکراوە کە دەبوو جێبەجێ بکرێت و پێم وایە ئەمە گەورەترین کێشەیە، چونکە زۆرێک لە ماددەکانی دەستوور نەبوونەتە یاسا. بۆیە هەوڵ هەبووە بۆ پشتگوێخستنی هەندێک لەو ماددانەی لە دەستووردا هاتوون، کە ماددەی زۆر بنەڕەتین بۆ ڕێکخستن و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و کوردستان. هەر ئەمەشە هۆکاری بەردەوامبوونی هەندێک لە کێشەکان، چونکە لێکدانەوەی هەڵە یان جیاواز بۆ هەندێک لە بڕگەکانی دەستوور لەنێوان هەردوو لایەندا هەیە. بۆیە لە دیدی ئێمەوە، ئەگەر دەستوور بەو شێوەیە جێبەجێ کرابا کە دەبوو جێبەجێ بکرێت و ئەگەر هەموو لایەنەکان ڕێزیان لە سیستەمی فیدراڵی گرتبا، کێشەکانی نێوانمان لە کەمترین ئاستدا دەبوون.

پێشکەشکار: واتا دەستوور وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە؟

سەرۆکی حكوومەت: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. من لۆمەی حكوومەتێکی دیاریکراو یان کەسێکی دیاریکراو ناکەم، بەڵکوو دەڵێم ئەمە بە گشتی کێشەکە بووە لە ساڵی 2005ـەوە، لە کاتی پەسەندکردنی دەستوورەوە تا ئەمڕۆ، کە عێراق پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە، یان بەو شێوەیە جێبەجێی نەکردووە کە دەبوو جێبەجێ بکرێت.

پێشکەشکار: عەقڵی فیدراڵی، جیاوازە لە عەقڵی نیشتمانیی گشتگیر، ئایا ئەمە ڕاستە؟
سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ.

پێشکەشکار: مەبەستم عەقڵی فەرمانڕەوایە لە بەغدا بەگشتی؛ دەستەبژێرە سیاسییەکان تا ئاستێکی زۆر فیدراڵی نین؟

سەرۆکی حكوومەت: هەموویان نا. زۆر کەس بە باشی لێی تێدەگەن و کەسانێک هەن کە گرنگیی گۆڕانی عێراق بۆ سیستەمێکی فیدراڵی درک پێدەکەن. هەروەها زۆر کەس لە سوودەکانی ئەم سیستەمە تێدەگەن لە چاو سیستەمی ناوەندیدا. لە ڕاستیدا، لە میانی گفتوگۆکانمان لەگەڵ زۆرێک لە پارێزگاکانی سەرتاسەری وڵاتدا، بۆمان دەرکەوت کە هەموویان بەدەست ئەم عەقڵیەتە ناوەندیخوازەوە دەناڵێنن، چونکە ناوەندییەتی هەمیشە باشترین بژاردە نییە بۆ وڵات. هەندێک جار ناناوەندییەتی و دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ ئەوانی تردا، باشترین ڕێگەیە بۆ بەرەوپێشچوون.

پێشکەشکار: هەندێک لە دابەشکردنی دەسەڵات دەترسن، کە لەوانەیە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی جیابوونەوە..
سەرۆکی حكوومەت: ئەمە ڕاست نییە، چونکە چەندین مۆدێلی زۆر سەرکەوتوو لە جیهاندا هەن، بۆ ئەو وڵاتانەی سیستەمی فیدراڵی پەیڕەو دەکەن، هاوکات وڵاتی زۆر بەهێزن. سەیری ئەڵمانیا بکە، سەیری ئەمەریکا بکە، یان سەیری ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و سویسرا بکە. دەتوانیت چەندین دەوڵەتی فیدراڵیی سەرکەوتوو بدۆزیتەوە. بۆیە کێشەکە لە خودی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکوو لە عەقڵیەتی هەندێک کەسدایە کە بەداخەوە، بە هەڵە لەم سیستەمە تێدەگەن و هەوڵ دەدەن ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز بسەپێنن. لە ڕاستیدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2005، ئێمە دەستوورمان هەبوو و ئەم دەستوورە بریتییە لە پاکێجێک لە سازشەکان کە هەموو لایەنەکان پێی گەیشتبوون. ئێمە لە کوردستان زۆر سازشمان کرد لەپێناو گەیشتن بە سیستەمی فیدراڵی. بۆیە سیستەمی فیدراڵی، مەرج نییە هەموو داواکارییەکانی هەموو لایەنێک جێبەجێ بکات، بەڵام باشترین سیستەمی بەردەستە.

پێشکەشکار: با کێشەکان بژمێرین؛ ناوچە جێناکۆکەکان، یاسای نەوت و غاز، چی دیکە هەیە؟ دەمەوێت ئەو گرفتانە بزانم کە گوزارشت لە پێشنەکەوتنی فیدراڵیزم دەکەن.

سەرۆکی حكوومەت: با دووبارەی بکەمەوە کە بڕوابوون بە خودی سیستەمی فیدراڵی و قەناعەتبوون بەوەی کە باشترین سیستەمە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە، بەسە بۆ چارەسەرکردنی هەموو شتەکانی تر. ئەوەی باسی دەکەین ماددەی (140)ە سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان، یان یاسای نەوت و غاز، تەنانەت پرسەکانی وەک بازرگانی و باج و هتد، کە ئەمانە هەمووی پرسی هەڵپەسێردراون. هۆکارەکەشی جیاوازیی عەقڵیەتەکانە. کەسانێک هەن پێیان وایە هەموو شتێک دەبێت ناوەندی بێت، بۆیە هەندێک لەم ماددانە پشتگوێ خراون و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لە ساڵی 2005ـەوە، بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە. مەبەستم ئەوەیە دەستوور خشتەیەکی کاتیی دیاری کردبوو، کە دەبوو لەو ماوەیەدا ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. پێم وایە زۆرێک لە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبوون، ئەگەر ماددەی (140) جێبەجێ بکرایە. هەروەها یاسای نەوت و غازیش ناکۆکییەکانی تایبەت بە بەکارهێنانی نەوت و غازی لەم ساڵانەدا چارەسەر دەکرد. بەڵام ئێمە ئەم یاسایەمان نییە، بۆیە هێشتا ڕووبەڕووی ئەم کێشانە دەبینەوە. سەبارەت بە سیستەمی باجیش، دەسەڵاتەکانی حكوومەتی فیدراڵی چین؟ ئەی هەرێم و پارێزگاکان؟ چەند لەو باجانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هەرێمە؟ ئەمانە پرسگەلێکن هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە و تا ئێستاش ڕوون نین.
پێشکەشکار: دوو مۆدێل هەن؛ مۆدێلی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنەکەی، لە ساڵی 2005ـەوە تا ئەمڕۆ، هەروەها مۆدێلی حكوومەتی ناوەندی یان فیدراڵی کە لە بەغدا هەیە. هەندێک باس لەوە دەکەن کە مۆدێلی هەرێمی کوردستان پێشکەوتن و مۆدێرنیتەی زیاتری تێدایە لەڕووی بەدیجیتاڵکردن، حوکمڕانی، لەڕووی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن، لەڕووی بوژانەوە، ڕاکێشانی وەبەرهێنان، یاساکان و هتد. لێرەوە دەمەوێت بچمە سەر دیدگای بەڕێز مەسروور بارزانی بۆ چاکسازیی ئابووری؛ ئایا گرەو لەسەر ئەمە دەکەن؟ پڕۆژەی چاکسازیی ئابوورییتان چی لەخۆدەگرێت؟ واتا جیاوازییەکانی نێوان ئێوە و بارودۆخی حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا چییە؟

سەرۆکی حكوومەت: با ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئێمە لە ساڵی 1991ـەوە، دوای ڕاپەڕین، دەستمان پێ کرد، لە کاتێکدا بەغدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە لە ساڵی 2003 دەستی پێ کرد. واتە جیاوازییەکە 12 ساڵ بوو.

پێشکەشکار: مەبەستم 15 ساڵە تا جێگیربوونی بارودۆخ لە ساڵی 2007؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵام لە ساڵی 2003ـەوە تا ئەمڕۆ، کاتی تەواو هەبووە بۆ پێگەیشتن، یان بۆ ئەنجامدانی زۆر شت، بەتایبەتی بۆ بەغدا و عێراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و دەوڵەتێکی سەربەخۆ، مەبەستم ئەوەیە ئەوان دەتوانن زۆر شت بکەن. هەروەها عێراق خاوەنی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیەتی و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی سەرچاوەی سروشتییەوە، هەروەها لە ڕووی سەرچاوەی مرۆیی و هەڵکەوتەی ستراتیجییەوە. بۆیە، عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە و داناڕووخێت، چونکە هەموو ئەو بنەمایانەی هەیە کە توانای پێ دەدات دووبارە هەستێتەوە و بارودۆخەکە باشتر بکات. تەنیا شتێکیش کە پێویستیی پێیەتی، بەڕێوەبردن و بڕیاردانی دروستە. ئێمە بەڕاستی هیوادارین، کە ئەم بڕیارە دروستانە بدرێن لە سایەی سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران زەیدی. لەبەر ئەم هۆکارەش ئێمە بەتەواوی پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییانە دەکەین کە دەیانخاتە ڕوو.

پێشکەشکار: ئەمانە هیوای بەڕێز بارزانین، بەڵام من واقیعەکەم دەوێت..

سەرۆکی حكوومەت: وەک گوتم، جیاوازی هەیە. جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق. لە هەرێمی کوردستان توانیمان هەنگاو بنێین لە چاکسازیی ئابووریدا، یان بە گشتی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەمەچەشنکردنی ئابووری. هەموو ئەم هەنگاوانەش ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە. ئێمە زۆر سەرنجمان خستە سەر بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، دەبوو داتا کۆ بکەینەوە، بۆ ئەوەی بڕیارەکانمان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی کەسی دانەڕێژین، بەڵکوو لەسەر بنەماى داتابەیس بێت کە کۆی دەکەینەوە. بۆیە، هەر بڕیارێک کە دەدرێت، لەسەر بنەمای شیکردنەوەیەکی زانستییانەیە بۆ بارودۆخەکە. دووەم، هەوڵمان دا ئابووری هەمەچەشن بکەین، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت یان هەناردەکردنی نەبەستین. وەک دەبینین، وەستانی هەناردەکردنی نەوت وڵاتی خستە قەیرانەوە، بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی گەورە وەبەرهێنانمان لە کەرتی کشتوکاڵدا کردووە، پیشەسازییە جیاوازەکانمان دامەزراندووە و کارگەمان دروست کردووە، هانی کەرتی گەشتیاریمان داوە، گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی داوە. بەمجۆرە، سەرنجمان خستووەتە سەر چەندین بوار کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانرێت ئابوورییەکەمان هەمەچەشن بکرێت و مسۆگەری بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بکات، کە بەتەواوی پشتی بە نەوت و غاز نەبەستبێت. پێم وایە ئەم ڕێبازە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر لە سەرتاسەری عێراقیشدا پێویستە، چونکە عێراق سەرچاوەی تری هەیە جگە لە نەوت و غاز. پێویستە داهاتەکانی نەوت و غاز بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوە ببرێن. بەشێکی گەورەی پارەی دەوڵەت بۆ مووچە دەڕوات، خەرجییەکی زۆر هەیە کە پێویستیی بە بەڕێوەبردنێکی باشترە، ئەگەر وڵات بیەوێت گەشەپێدان بەدەست بهێنێت. لەبری دامەزراندنی کەسانی زیاتر لە کەرتی گشتیدا لە هەموو ساڵێکدا، پێویستە هانی کەرتی تایبەت بدرێت و ڕۆڵی بەهێز بکرێت. بەم بۆنەیەوە، لە ساڵی 2013ـەوە، چیتر ڕێگە بە دامەزراندن لە فەرمانگەکانی حكوومەت لە هەرێمی کوردستان نەدراوە، بەڵکوو بابەتەکە تەنیا لە سیستەمی گرێبەست کورت کرایەوە. بەڵام ئەم کۆتوبەندانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەبێ ناوچەکانی تری وڵات. ئەم بابەتەش پێویستیی بە بەڕێوەبردنێکی باشترە؛ مەبەستم ئەوەیە دەبێت سەرنج بخرێتە سەر بەهێزکردنی کەرتی تایبەت. هەروەها پێویستە گرنگی بە کەرتی بانکی بدرێت، چونکە بۆ وەبەرهێنان پێویستە و بۆ گەشەکردنی چالاکییە بازرگانییە جیاوازەکان بێبەها نییە، هەروەها بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەک کە خەڵک هەست بکەن پێویستییان بەوە نییە تەنیا فەرمانبەری حكوومی بن، بۆ دابینکردنی داهاتوویان. ئەمە ئەو شتەیە کە لە هەرێمی کوردستان کردمان. هەروەها چەندین شتی تریش هەن کە بەئەنجاممان گەیاندوون و سەرکەوتنیان سەلماوە، وەک پڕۆژەکانی کارەبا و ئاو.

پێشکەشکار: کام لایەن کاریگەریی لەسەر ئەوی تر هەیە؟ مەبەستم ئەوەیە ئایا ئەوان لە حكوومەتی فیدراڵیدا ئێوە ڕادەکێشن، یان ئێوە هەوڵ دەدەن حكوومەتی فیدراڵی ڕابکێشن بەرەو ئاسۆیەکی باشتر؟ بەتایبەتی کە ئێوە بودجەی سەربەخۆتان نییە و کێشە فیدراڵییەکان ئەوەن کە ئێوە بەتەواوی لە بودجە و ئابووریدا پاشکۆن.

سەرۆکی حكوومەت: بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوین. کەسانێک هەبوون لە بەغدا بەتەواوی بڕوایان وابوو کە دەبێت هەموو شتێک بە شێوەیەکی ناوەندی بەڕێوە ببرێت. لە بەرانبەردا، کەسانێک هەن کە سەیری هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو دەکەن و هەوڵ دەدەن سوود لە سەرکەوتنەکانی وەربگرن، ڕەنگە ئەو ئەزموونەش دووبارە بکەنەوە.

پێشکەشکار: کێ لە کوردستان وەبەرهێنان دەکات؟ گەورە وەبەرهێنەران کێن؟

سەرۆکی حكوومەت: بێگومان ئێمە ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەری ناوخۆییمان لە کوردستان هەیە، ئەوان بەڕاستی ڕزگارکەری ئابوورییەکەمان بوون لە کاتە سەختەکاندا. دەبێت سوپاسگوزاریی زۆرم دەرببڕم بۆ هەموو وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بۆ کەرتی تایبەت، کە ئەم پڕۆژانەیان هەمووی بە هەوڵی خۆیان ئەنجام داوە، بێ ئەوەی پشتگیرییەکی گەورە لە حكوومەتەوە وەربگرن. هەروەها وەبەرهێنەرمان هەیە لە دەرەوەی هەرێم؛ وەبەرهێنەری ئەمەریکی و ئەوروپیمان هەن، بەتایبەتی لە کەرتەکانی نەوت و وزە، هەروەها لە کەرتی کشتوکاڵدا، هاوبەشیمان لەگەڵ چەندین وڵاتی جیهاندا هەیە، وەک هۆڵەندا و ئەڵمانیا.
پێشکەشکار: هاوبەشی ئابووریی یەکەمتان لە هەرێم کێیە، مەبەستم لە ڕووی کار و وەبەرهێنان و زۆر شتی ئابوورییەوەیە؟

سەرۆکی حكوومەت: تورکیا.

پێشکەشکار: تورکیا؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ. ئەوان خاوەنی زۆرترین ژمارەی وەبەرهێنەرن و گەورەترین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ تورکیادایە.

پێشکەشکار: پێوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا چۆنن؟

سەرۆکی حكوومەت: پێوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر باشە، تێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە، هەریەکمان پشتگیریی ئەوی تری کردووە لە ئاستە جیاوازەکاندا، هەروەها پێوەندیی بازرگانی و چالاکییەکی فراوانی ئابووریمان هەیە.

پێشکەشکار: کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئێوە و تورکیا چین؟ پرسی پارتی کرێکاران، پرسی بەئامانجگرتن، پرسی دەستوەردانە سەربازییەکان و هتد؟
سەرۆکی حكوومەت: بێگومان ئەم کێشانە هەبوون. ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەسەر سنوورەکانمان ڕووی داوە، لە دەرەنجامی ئەم ململانێ بەردەوامە، هێشتا 800 گوند لە وڵاتەکەمان وێرانن و نەمانتوانیوە ئاوەدانیان بکەینەوە، بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان لەسەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێمە و تورکیا. بۆیە بەدڵنیاییەوە کێشە هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە، تورکیا لە دوایین دوو ساڵی ڕابردوودا، دەستپێشخەرییەکی ئاشتیی بەخۆیەوە بینیوە و ئێمە بەپتەوی پشتگیریمان لەو دەستپێشخەرییە کردووە. هیوادارین ببێتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتن و سازشی زیاتری ئاشتییانە و بەهێزکردنی ئاسایش.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، تورکیا گەورەترین پێکهاتەی کوردی تێدایە (بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس)، ئەگەر پرسی کورد لە تورکیا یەکلایی بکرێتەوە، ڕەنگە بەشدار بێت لە هێورکردنەوەی پرسەکە بە گشتی، ئەمە وایە؟ چۆن دەڕوانیتە پرسی کوردی تورکیا؟
سەرۆکی حكوومەت: ئەوان شێوازی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ڕوونە کە کورد لە تورکیا داواکاریی تایبەتی خۆیان هەیە و ئێمە تەنیا پشتیوانی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە بووین لەنێوان حكوومەت و کورددا. هەموو کوردانیش سەر بە یەک پارتی سیاسی نین، کوردی واش هەن کە سەر بەو پارتەن کە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارە. بۆیە بەڵێ، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە کارێکی گرنگ دادەنرێت، بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ پرسی کورد لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

پێشکەشکار: لە سووریا پێشهاتێکی زۆر گەورە ڕووی دا، ڕژێمی سووریا ڕووخا و سەرۆک شەرع هاتە سەر کار. وادیارە کە پێشکەوتنی زۆری هەبووە لەگەڵ (هەسەدە) و پرسی هەسەدەی یەکلایی کردووەتەوە و تێکەڵی دەوڵەتی کردوون، بە جۆرێک باس لە چارەسەرکردنی ستەملێکراویی هاووڵاتییانی سووریی کورد دەکرێت، بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، چۆن دەڕوانێتە ئەم پرسە؟

سەرۆکی حكوومەت: ئێمە پێمان وایە سووریا لەناو خۆڵەمێشەوە زیندوو بووەتەوە، ئەو وڵاتە بە بارودۆخێکی زۆر سەختدا تێپەڕیوە. پێم وایە ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەدی هاتووە، زۆر ئەرێنی و بیناکەر بووە. ڕوونە کە هێشتا کێشە هەیە، بەڵام ئێمە بەتوندی پشتگیریمان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و کورد لە سووریا کردووە. سەرۆک مەسعوود بارزانی، لەو چوارچێوەیەدا بانگهێشتی هەبووە، هەروەها ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە یارمەتیدان بۆ بەردەوامبوونی ئەم گفتوگۆ و دانوستانانە. ئێستە پێوەندییەکی باش لەنێوان هەولێر و دیمەشقدا هەیە، کە خەریکە گەشە دەکات، بۆیە ئێمە پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەری یان هەنگاوێکی ئەرێنی و بیناکەر دەکەین کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی کۆتاییهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستە لە سووریا.

پێشکەشکار: ئایا پێتان وایە ڕژێمی نوێی سووریا جدییە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، کێشە هەڵپەسێردراوەکان، پرسی ڕەگەزنامە، پرسەکانی مافەکان و هتد؟

سەرۆکی حكوومەت: ئەوان پێشتر بڕیاری پێدانی ڕەگەزنامەیان بە کورد داوە، بەڵێ، بینیمان کە ئەوان تا ئێستە زۆر جدیین لەم کارەدا. سەرۆک شەرع پێشتر فەرمانی پێدانی ڕەگەزنامەی بە کورد دەرکردووە. نازانم ڕێکارەکان تەواو بوون یان نا، بەڵام دەزانم کە ئەو بڕیارەی پێشتر داوە.

پێشکەشکار: ئایا پێت وایە ئێوە لە هەرێم پێوەندیدارن بە هەر پرسێکی کورد لە هەر وڵاتێکی دەوروبەردا؟
سەرۆکی حكوومەت: بێگومان، ئەوان لە خوێن و پێستی ئێمەن و برای ئێمەن، پێوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆر هەیە لە نێوانماندا. ئێمە ڕێز لە تایبەتمەندییان دەگرین و ڕێز لەوە دەگرین کە ئەوان لە وڵاتێکی تر دەژین، بەڵام بێگومان، بەتەواوی پشتگیری لە مافەکانیان دەکەین، بە ڕێگەی قبووڵکراو و بەو شێوەیەی کە بتوانن بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ حكوومەتەکانیاندا.

پێشکەشکار: ئایا ئیدارەی نوێی سووریا داوای یارمەتیی لێ کردوون لە بەڕێوەبردنی کێشەکان لەگەڵ (هەسەدە)، یان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان؟

سەرۆکی حكوومەت: پێشتر گفتوگۆ هەبووە و ڕۆڵێکی زۆر بیناکەرمان هەبووە لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان هەردوو لایەن.

پێشکەشکار: سەبارەت بە دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا، ئایا ئەمڕۆ ڕوونتر دیارە بەراورد بە دۆخی سەردەمی ڕژێمی پێشوو؟

سەرۆکی حكوومەت: تا ئێستە بەڵێ، ئەمە ئەوەیە کە بینیومانە. لە ڕابردوودا بە دوو قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوین. قۆناغێک هەبوو کە تیایدا نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرا لە سووریا، پاشان قۆناغی ڕێکخراوی داعش هات، کاتێک کورد ناچار بوو لەو ناوچانەی تێیدا بوون شەڕی ئەم ڕێکخراوە بکات و ئەمڕۆ هەموو سوورییەکان، بە کوردیشەوە، چوونەتە قۆناغێکی جیاوازەوە. کوردی وا هەن کە ئێستە کورسییان لە ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان) هەیە و کوردی وا هەن کە پۆستی وەزارییان لە حكوومەتی نوێدا وەرگرتووە. دەزانین ئەم کێشانە لە شەو و ڕۆژێکدا چارەسەر نابن، هێشتا پرسگەلێک هەن کە پێویستییان بە چارەسەرە. بەڵام گرنگترینیان دروستکردنی متمانەیە، چونکە هەر کە متمانە جێگیر بوو، پێم وایە ئەوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێوەندییەکی باشتر و گەیشتن بە ڕێککەوتنی باشتر.
پێشکەشکار: بەڕێز بارزانی، پرسی کورد لەم وڵاتانە، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ پێوەندییەکانتان لەگەڵیاندا؟
سەرۆکی حكوومەت: ئێمە پێوەندیی تایبەتی خۆمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ هەیە، چ لەگەڵ تورکیا، سووریا، ئێران، ئوردن، شانشینی عەرەبیی سعوودیە، یان کوێت. ئەو وڵاتانەی کە سنووری ڕاستەوخۆمان لەگەڵیان هەیە، بریتین لە سووریا و تورکیا و ئێران. ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ هەموو ئەم وڵاتانە هەیە، بەڵام بێگومان فاکتەری کوردی، یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان لە داڕشتنی پێوەندییەکانمان لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا.
پێشکەشکار: پرسی کورد لە تورکیا پرسێکی سەرەکییە و گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینی، سەرۆک ئەردۆگان هەوڵێکی گەورەی لەم پرسە دا. سووریاش پرسێکی سەرەکی بوو، سەرەڕای کورتیی ماوەی سەرۆک شەرع، چونکە گۆڕانکاریی زۆر گەورە ڕووی دا، ئەی ئێران، چیتر گوێمان لە دۆسیەی کورد نابێت لەوێ؟

سەرۆکی حكوومەت: بەڵێ، هەر یەکەیان بە شێوازی تایبەتی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کورد کردووە. بۆنموونە، تورکیا بۆ ماوەیەکی زۆر نکۆڵیی لە بوونی کورد دەکرد. بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە سەردەمی پارتە فەرمانڕەواکەی ئێستەدا و تەنانەت پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کە هەڵوێستی توندیان هەبوو دژی کورد، ئەمڕۆ هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە کورد نەک تەنیا بوونی هەیە، بەڵکو بەشێکی گرنگ و بنەڕەتییە لە تورکیا و دەبێت ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە کە هەمووان بتوانن بەیەکەوە بژین و هاووڵاتیی باش بن. بەڵام لە ئێران، بۆ نموونە پارێزگایەک هەیە بە ناوی کوردستان، سنە پایتەختی پارێزگای کوردستان بووە لە ئێران. بەڵام بەشداریی کورد، بەتایبەتی لەسەر ئاستی حكوومی، سنووردار بووە. کەواتە، ئەوان شێوازی تایبەتی خۆیان هەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ کورد. بێگومان زۆر ماف هەن کە کورد لە ئێران داوایان دەکات و هەست دەکەن بێبەش کراون لێی، ئەمە بابەتێکە پێوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە کورد مافی یەکسانی هەبێت لە هەر کوێیەک بن و لە هەر وڵاتێک بژین، نابێت ببنە هاووڵاتیی پلە دوو، بەڵکوو دەبێت هاووڵاتی بن کە تەواوی مافەکانیان هەبێت و بەیەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، پێم وایە ئەمە چارەسەری زۆرێک لە کێشە هەنووکەییەکانی هەر وڵاتێک دەکات، بەبێ گوێدانە شوێنی نیشتەجێبوونیان.

پێشکەشکار: ئەو پەندە کوردییەی کە لە سەرەتای بەرنامەکەدا پێی دەستمان پێ کرد، کە دەڵێت: "کورد هیچ دۆستێکی نییە، جگە لە چیاکان"، ئاماژەیە بۆ دۆخی ململانێ و شەڕەکان. ئێستە، نەوەی گەنج لەسەر چی گرەو دەکات؟ ئایا سەردەمی شەڕی نێوان وڵاتان کۆتایی هاتووە و قسەوباس لەسەر هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافی یەکسانە بۆ کورد چ لە هەرێمەکەیان یان لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین؟ بەڕێز مەسروور بارزانی لەسەر چی گرەو دەکات؟

سەرۆکی حكوومەت: سەیرکە، زۆرێک لە گەنجان و نەوەی نوێ مانای ستەم نازانن و نازانن پڕۆسەکانی ئەنفال یان کیمیاباران چییە، بۆنموونە لە عێراق. ئەوان ئەوە نازانن، چونکە ساڵانێکی زۆر دوای ئەو ڕووداوانە لەدایک بوونە، زۆرێکیان کاتێک لەدایک بوون، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵی بوو، بۆیە ئەو هەموو ساڵە لە کەشوهەوایەکی ئازاددا ژیاون. هەروەها ئەوان دەستیان بە ئینتەرنێت و بە جیهان دەگات و دەزانن چی لە ئوسترالیا، ئەمەریکا، ئەورووپا، ئەفریقا و ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەگوزەرێت. خەڵک ئەمڕۆ ئاسانتر دەستیان بە زانیارییەکان دەگات، بۆیە ئاگاداری ئەوەن کە چی ڕوودەدات. خواستەکانی نەوەی نوێ جیاوازن، وەک دەزانیت، چیتر لە ژێر فشاری قورسدا ناژین، بەڵکوو هەوڵی ژیانێکی باشتر دەدەن و هەوڵی بونیادنانی سیستەمێکی باشتر دەدەن. سەیری وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەن وەک مۆدێلێک کە ئاواتی بۆ دەخوازن. بۆیە، ئەوان خۆیان بە باشترین مۆدێلەکانی جیهان بەراورد دەکەن. هەر لێرەوە چاوەڕوانییەکانیان هەمیشە بەرزن. ئەمەش ئەرکی ئێمە تا ڕاددەیەک قورستر دەکات، چونکە دەبێت هاوسەنگی ڕابگرین لەنێوان واقیع و چاوەڕوانییەکانی نەوەی گەنجدا، بۆیە هەوڵ دەدەین ئەمە بە باشترین شێوەی خۆمان بەڕێوە ببەین. بەڵام دەتوانم پێت بڵێم کە ئێمە نەوەیەکی گەنجمان هەیە کە پڕە لە وزە و ژیان، ڕێژەیەکی زۆری زیرەکییان هەیە و باش خوێندوویانە، من زۆر گەشبینم و هیوایەکی زۆرم بە داهاتوویان هەیە.

پێشکەشکار: بەڕێز مەسروور مەسعوود بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، سوپاسگوزارم بۆ ئامادەبوونت لە بەرنامەکەدا. سوپاس و هیوای بارودۆخێکی باشتر بۆ عێراق و بۆ کوردستان و بۆ هەمووان دەخوازین.

سەرۆکی حكوومەت: زۆر سوپاس.


وشە - پۆڵا مەحموود