ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئابی 2026، شەپۆلێکی گەرما عێراقی گرتووەتەوە و لە هەشت پارێزگادا پلەکانی گەرما 50 پلەی سەدی و زیاتریان تۆمار کرد، بە جۆرێک لە بەسرە گەیشتە 52 پلە. بەپێی داتاکان، چەند ناوچەیەکی عێراق لە ڕیزی گەرمترین 15 شوێنی جیهاندا بوون، و پێشبینی دەکرێت گەرماکە بەردەوام بێت تا دوای ناوەڕاستی ئەم مانگە.
بەپێی خشتەیەکی دەستەی کەشناسی، لە هەشت پارێزگادا پلەکانی گەرما 50 پلەیان تێپەڕاندووە، بەم شێوەیە: بەسرە 52، میسان و زیقار و موسەننا 51، و دیوانیە و نەجەف و واست و دیالە 50 پلەی سەدی. لە پارێزگاکانی تریشدا پلەکانی گەرما لە نێوان 41 پلە لە سلێمانی و دهۆک و 49 پلە لە بەغدا و بابلدا بوون.
داتاکانی چاودێریی کەشوهەوای جیهانی دەریانخستووە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە، ناحیەی کوت حەی، ڕوفاعی، ناسریە و سەماوە، لە لیستی گەرمترین 15 پلەی گەرمادا بوون لەسەر ئاستی جیهان لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا.
لەلایەکی ترەوە، سادق عەتیە، پێشبینیکاری کەشوهەوا، پێشبینیی بەردەوامبوونی کەشوهەوای زۆر گەرم و ماندووکەری کرد لە بەغدا بۆ ئەمڕۆ و سبەی، بەهۆی بەردەوامیی بای ساکن یان سووکەوە. هەروەها پێشبینیی بەردەوامبوونی بەرزیی ڕێژەی پیسکەرەکانی هەوا لە کاتەکانی بەیانیدا کرد، بەهۆی لاوازیی جووڵەی هەواوە.
پێشتریش، دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینیی دابەزینێکی پلەبەندی پلەکانی گەرمای کردبوو لە زۆربەی شارەکانی وڵاتدا دوای ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ.