ئەمشەو چوارشەم 12ی ئابی 2026، نووسەر ڕۆژنامەنووس و چیرۆكنووسی ناسراوی کورد، حوسێن عارف، لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. حوسێن عارف یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی گرووپی ڕوانگە و خاوەنی دەیان بەرهەمی ئەدەبی و لێکۆڵینەوەیە، هەروەها لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا پەرلەمانتار بووە.
حوسێن عارف لە ساڵی 1936 لە سلێمانی لەدایک بووە، وەک پارێزەر، ڕۆژنامەنووس و چیرۆکنووس خزمەتێکی زۆری بە بواری یاسا و ئەدەبی کوردی کردووە. ئەو بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی گرووپی ڕوانگە دادەنرێت، کە بزوتنەوەیەکی نوێگەری بوو لە ئەدەبی کوردیدا.
ناوبراو وەک ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی ژیانی ئەدەبی و ڕۆژنامەگەریدا هەبووە.
جگە لە بواری ئەدەبی، حوسێن عارف لە بواری سیاسیشدا کارا بووە و لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا وەک پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەندامی لیژنەی کاروباری یاسایی، ڕۆڵی بینیوە.
خاوەنی چەندین بەرهەمی دیارە، لەوانە ڕۆمانی "شار"، کۆمەڵەچیرۆکی "چای شیرین" و "گەلەگورگ"، لەگەڵ چەندین کتێبی تری بیرەوەری و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.