نرخی زێڕ دابەزی

:: AM:10:02:14/08/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 14ی ئابی 2026، نرخی زێڕ دابەزینێکی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی لە ڕۆژی پێشتردا بەرزترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگدا تۆمار کردبوو. وەبەرهێنەران هەوڵی "قازانج وەرگرتن"یان دا، دوای ئەوەی داتاکانی هەڵاوسان پێشبینییەکانی بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولدا کەم کردەوە.

نرخی زێڕ لە مامەڵە ڕاستەوخۆکاندا بە ڕێژەی 0.5% دابەزی و گەیشتە 4330.37 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هەروەها گرێبەستەکانی ئەمەریکا بۆ زێڕی مانگی دیسەمبەر بە ڕێژەی 0.8% دابەزین و گەیشتنە 4386.80 دۆلار.

دوێنێ پێنجشەم، نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لەوەتەی پێنجی حوزەیرانەوە بەرز بووەوە، پێش ئەوەی بە ڕێژەی 1.3% داببەزێت و هەموو قازانجەکانی ئەم هەفتەیەی لەدەست بدات.

داتاکانی هەڵاوسان نیشانیان دا کە نرخی بەرهەمهێنەران لە ئەمەریکا لە مانگی تەمووزدا گۆڕانکاریی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، کە ئەمەش پێشبینییەکانی بازاڕی بەهێز کرد بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی لە مانگی داهاتوودا نرخی سوود بەرز نەکاتەوە.

لەلایەکی تریشەوە، گرژییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکان هەیە، بە جۆرێک کە واشنتن دوێنێ پێنجشەم هەڕەشەی بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران کرد، ئەمەش فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران زیاد دەکات لە کاتێکدا گفتوگۆکانی ئاگربەست شکستیان هێناوە.

سەبارەت بە کانزا بەنرخەکانی تر، نرخی زیو بە ڕێژەی 0.8% دابەزی و گەیشتە 63.92 دۆلار، پلاتین بە ڕێژەی 1% دابەزی و گەیشتە 1700.60 دۆلار، و پلادیۆمیش بە ڕێژەی 0.3% دابەزی و گەیشتە 1303.25 دۆلار. هەردوو کانزاکە نزمترین ئاستی خۆیان لەوەتەی چواری ئابەوە تۆمار کرد.


وشە - پۆڵا مەحموود