مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 16ی ئاب كە 80 ساڵەی دامەزراندییەتی، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنن، خەڵكی خۆڕاگر و پشوودرێژی هەرێمی كوردستان لەو ساڵانەی ڕابردوو سەلماندویانە خۆشەویستی نیشتمان و گەلەكەیان لەسەرووی هەموو بابەتێكی ترەوەیە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، پەیمان بۆ گەلی كوردستان و سەرۆك (مەسعود بارزانی) دووپات دەكەینەوە كە لەسەر ڕێبازی ڕەسەنی كوردایەتی بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزكردنی بنەماكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان.
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی بەبۆنی (16)ی ئاب، (80)ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
جەماوەری کۆڵنەدەر، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان
ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی دامەزراندنی پارتیمان دەکەینەوە، ئەو پارتەی داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمانە، ئەو یادەی کە وێستگەیەکی هەرە گرنگی خەباتی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و کاروانێکی نەسرەوتووی تێکۆشانی سیاسییە بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و بنەماکانی دیموکراسی، هەروەها بیرهێنانەوەی خەباتێکی تەمەن هەشتا ساڵەی وەرچەرخان و قوربانیدان و ئەزموون و سەرچاوەی سروشی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسیشە.
ئەو بۆنەیە تەنیا بیرەوەرییەکی ڕاگوزەری دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرجەستەکردنی ئیرادەی ئازادیخوازانە بۆ ڕەتکردنەوەی پیلانی دوژمنان و زوڵم و زۆرداریی لەسەر ڕێبازی حەکیمانەی "بارزانیی نەمر" کە ئەوسا زەمینەیەکی سەردەمیانەی بۆ چەمکی کوردایەتی داڕشت و بە پەیڕەوکردنی بەها شۆڕشگێڕییەکان، پەرەی بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورستان دا. خەباتی هەمەلایەنەی پارتیمان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول، گوڵان، ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار و ڕاپەڕینی 1991، گەواهی ئەوەن کە هێزێکی پێشەنگی پشتئەستوور بە جەماوەر و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانە و هەمیشە بە کولتووری دایالۆگ هەوڵی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان داوە.
لە یادی هەشتاساڵەی دامەزراندنی پارتیماندا جەخت لەسەرئەوە دەکەینەوە، کە وەفاداریی بۆ مێژووی پارتی و قوربانیدانی تێکۆشەرەکانی تەنیا بیرهێنانەوە نییە، بەڵکوو ئەزموونی ئەو ڕابردوو و مێژووە، بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لەهەمبەر ئێستا و ئایندە لە ڕێگای پاراستنی دەستکەوتەکانمان و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەو ئاڵۆزییە سیاسی و گرژی و شەڕ و پێکدادانانەی دەوروبەرمان، هەروەها پاراستنی کوردستان و ڕێگاگرتن لەوەی ببێتە شوێنێک بۆ کاریگەری خستنەسەر ئەمنیەتی دراوسێکانمان و ڕێزگرتنی دوولایەنەی بەرژەوەندییەکان و، بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان وەکو ئەرکێکی مێژوویی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و حکوومەتێکی بەهێز، هەروەها بەهێزکردنی یەکڕیزیی و ڕێزگرتن لە فرەیی پێکهاتەکان و پتەوکردنی سەقامگیریی و ئاشتەوایی لە هەرێم. خەڵکی خۆڕاگر و پشوودرێژی هەرێمی کوردستان لەو ساڵانەی ڕابردوو سەلماندویانە خۆشەویستی نیشتمان و گەلەکەیان لەسەرووی هەموو بابەتێکی دیکەوەیە، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بەوپەڕی تواناوە کار بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیانێکی سەرفرازانە.
لەیادی (16)ی ئابدا، دەستی دۆستایەتی و پێکەوەکارکردن بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق درێژدەکەین، ئەرکی هەموومانە بە جیاوازی بیر و بۆچوونی سیاسی، بڕوای ئاینی و مەزهەبییەوە پێکەوە هەوڵبدەین عێڕاق بۆ هەمووان بێت و دوری بخەینەوە لە تێوەگلان لە شەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە و، هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بە بەرپرسیاریەتییەوە شێوازێکی حوکمڕانی دروست و سەردەمیانە بگرنە بەر، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی عێراقە، هەروەکو بە ئاشکرا وتومانە عێراق توشی کێشەی زۆر کراوە، ڕەوا نیە چیتر لەو بازنەیە بسووڕێتەوە، چونکە خەڵکی عێراق هیچی دیکە بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتیانە ناگرێت، ئەمەش بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی، نیشتمانی و ئاینییە.
بەو بۆنە مێژووییە قوربانیدانی تێکۆشەران و پێشمەرگە و شەهیدەکان بەرز دەنرخێنین و ئەوانەی گیانیان لە پێناو ماف و ئازادی و سەروەری نەتەوە و خاک وگەلەکەمان بەخشی، هەروەها تێکۆشان و کۆڵنەدانی نەوە لەدوای نەوەکانی ڕێگای پارتایەتی و ڕێبازی بارزانیی نەمر.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی ڕەسەنی کوردایەتی بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان.
سڵاو بۆ دامەزرێنەر و ڕابەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
سوپاس و پێزانین بۆ کادیران، ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان، هەروەها گەرمترین پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەین.
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە، بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
15ی ئابی 2026