بەرپرسی لقی دووـی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە ساڵیادی 16ـی ئابدا لە سنووری لقی دوو، بە ئاماددەبوونی بەرپرسان و كادران و هەڤاڵانی پارتی، لە رێوڕەسمێكی شكۆداردا، هەزاران ئەندامی نوێ دێنە ناو ڕیزەكانی پارتی و شەرەفی ئەندامێتییان پێ دەبەخشرێت." هاوكات لە سنووری لقی 16ش كۆمەڵێكی نوێ دەبنە پارتی.
د. زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دوو بە "وشە"ی ڕای گەیاند، ئەمڕۆ ڕێكەوتی 16ـی ئابی 2026، لە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتیماندا و هاوكات یادی لەدایكبوونی سەرۆك و ڕابەرمان جەنابی سەرۆك بارزانی، دوو هەزار و 160 كەس لە سنووری لقی دوو پلەی شەرەفی ئەندامێتییان لەناو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێ دەدرێت."
د. زانا مەلا خالید گوتی، "پیرۆزبایی لەو هەڤاڵانە دەكەین و پەیاممان ئەوەیە ڕاسپاردەكانی جەنابی سەرۆك كە هەردەم دووپات لەوە دەكاتەوە، (پارتی ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان) بكەنە كارنامەی ژیانی ڕێكخراوەیی و سیاسیی خۆیان، هاوكات لە یادی نەكەن پارتیبوون و خزمەتی خەڵك دووانەیەكی لێكدانەبڕاون.
ناوبرا لە كۆتاییدا دووپاتی كردەوە، "پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم پشتئەستوورە بەو جەماوەرە دڵسۆزەی كە متمانەی هەمیشەییان بە پارتی دیموكراتی كوردستان كردووەته كارنامە بۆ بەردەوامییدان بە حوكمڕانی و خزمەتی پارتی. پیرۆزباییان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ئەو هەڤاڵانە دەخوازین."
هاوكات بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار و 500 هاووڵاتی لە سنووری لقی 16ی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان، پێوەندییان بە ڕێكخستنەكانی پارتییەوە كردووە و بوونەتە ئەندامی پارتی. ئەم ژمارەیە بەگوێرەی گوتەكانی بەرپرسی لق، نیشانەی ئەوەیە كە گەنج و لاوان پارتی بە هیوای داهاتووی سیاسی خۆیان دەبینن.
ئاری نانەكەلی گوتی، سنووری كاری لقەكەیان لە سنووری هەولێر و ناوچەكانی تەق تەق، كۆیە، شۆڕش، دێگەڵە، كەسنەزان، دارەتوو، بنەسڵاوە، شاوێس، مەلا ئۆمەر، پیرزین، بەڕانەتی، بەحركە، كەورگۆسك، تۆپزاوە و خەباتە.
باسی لەوەش كرد، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە شەش هەزار و 500 كچ و كوڕی تەمەن و توێژی جیاواز پێوەندییان بە ڕێكخستنەكانی پارتییەوە كردووە، لەناو ڕیزەكانی پارتی ڕێكخراون و دەستیان بە كاری سیاسی و حزبی كردووە.
نانەكەلی ئەم پەرەسەندنەی بە نیشانەی ئەوە دانا كە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتی و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی ئەو پارتی لە بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان، ڕەنگدانەوەی لەناو بەشێكی فراوانی كۆمەڵگە، بەتایبەتی گەنج و لاوان هەبووە.
ئاماژەی بەوە كرد كە ڕێكخستنەكانی پارتی بەردەوام لە گەشەكردندان و گەنج و لاوان لە ناو ئۆرگان، ناوچە، ڕێكخراو و بنكە حزبییەكانەوە پێوەندی بە پارتی دەكەن و دواتر دەبنە ئەندامی حزب.
بەپێی گوتەكانی نانەكەلی، ئەندامانی نوێ دوای وەرگرتنی شەرەفی ئەندامێتی، دەخرێنە خولی ڕاهێنان و پەرەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان لەناو ڕیزەكانی پارتی هەبێت.