مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە یادی 16ی ئابدا پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، یادی دامەزراندنی دێرینترین و گەورەترین و بەهێزترین پارتی كوردستان لەسەر دەستی رێبەری مێژوویی و باوكی رۆحی گەلەكەمان مستەفا بارزانیی نەمر، یەكێكە لە پرشنگدارترین ڕۆژ و یادەكانی مێژووی گەلەكەمان.
ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی ئاب، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، بە بۆنەی 16ی ئاب، ساڵڕۆژی لە دایكبوونی ڕێبەر و سەركردەی نیشتمانیمان و باوكی خۆشەویستم جەنابی سەرۆك بارزانی و هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆك و بنەماڵە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە ئازا و قارەمانەكانی كوردستان و ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گشت كوردستانیان دەكەم.
جێگری سەرۆكی پارتی دەڵێت، یادی دامەزراندنی دێرینترین و گەورەترین و بەهێزترین پارتی كوردستان لەسەر دەستی رێبەری مێژوویی و باوكی رۆحی گەلەكەمان مستەفا بارزانیی نەمر، یەكێكە لە پرشنگدارترین ڕۆژ و یادەكانی مێژووی گەلەكەمان.
باس لەوەش دەكات، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ژێر سێبەر و ڕابەرایەتیی سەرۆك مەسعوود بارزانی، درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرە و بەردەوامە لە تۆماركردنی داستان و دەستكەوتی مەزن و دیرۆكی كە جێگەی شانازی هەموو كوردستانییەكی دڵسۆزە.
ئاماژە بەوەش دەكات، پارتی و سەرۆك بارزانی، هیوا و ئومێد و جێگەی متمانەی خەڵكی كوردستان و گەرەنتی پاراستن و پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیریی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان، كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان و ئەندازیاری بووژاندنەوە و بنیاتنانەوە و پێشكەوتنی كوردستانن.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، لە ساڵیادی 16ی ئابدا، بە شكۆ و ڕێز و پێزانینێكی قووڵەوە، یادی دامەزرێنەری پارتی، بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد و سەركردە و سەرجەم خەباتكار و شەهیدانی كوردستان دەكەینەوە، هەمیشە شكۆدار بێت یادی 16ی ئاب .