لە ماڵێكی بچووكی گەڕەكی ئەعزەمیەی بەغداوە، پارتێك سەری هەڵدا كە لەم 80 ساڵەدا بووە كۆڵەكەیەكی گرنگ بۆ مانەوەی كورد لە باشووری كوردستان، پارتی لەم تەمەنەدا بووە ئەندازیاری گۆڕانكارییە گەورەكان و داڕێژەرەوەی نەخشەی سیاسیی عێراق و كوردستان.
لە 16ـی ئابی ساڵی 1946دا، لەناو ماڵی سەعید ناكام لە بەغدا، بناغەی پارتی دیموكراتی كوردستان داڕێژرا. ئەوە تەنیا دامەزراندنی حزبێك نەبوو، بەڵكو دەستپێكی وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو كە كوردستانی لە قۆناغی خەباتی پەرتەوازەوە گواستەوە بۆ قۆناغی رێكخستنی سیاسی و نەتەوەیی.
بنەمای سەرەكیی بیری سیاسیی پارتی
بەبڕوای عەبدولسەلام بەرواری، بنەما هزری و سیاسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە یەك قوتابخانەی ئایدیۆلۆجییەوە نە بەستراوە، بەڵكو لە بنەڕەتدا دەتوانرێت سێ سەرچاوەی سەرەكی بۆ دیاری بكرێت. یەكەمیان ڕێبازی بارزانە. ئەم ڕێبازە كۆمەڵێك بەهای كۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و نیشتمانی لەخۆ گرتبوو، لەوانە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ڕەتكردنەوەی ستەم، ڕێزگرتن لە ژن و پێگەی لە كۆمەڵگەدا، پاراستنی لاواز، پێكەوەژیانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان و هەروەها گرنگیدان بە سروشت و ژینگە. لە ناو هەموو ئەمانەشدا، باوەڕ بە مافەكانی نەتەوەی كورد و مافی ژیان بە ئازادی و سەربەرزی، ناوەڕۆكی سەرەكیی ئەم ڕێبازە بوو.
دووەم، ئامانج و ناوەڕۆكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو. پارتی میراتگری مێژوویەكی درێژ لە داواكاری، شۆڕش و ئەزموونی سیاسی بوو و هەوڵی دا ئەو میراتە لە چوارچێوەیەكی سیاسیی ڕوونتر و بەردەوامتردا ڕێكبخات. لەبەرئەوە مافی نەتەوەیی، ناساندنی سیاسی، ئۆتۆنۆمی، یەكڕیزیی ناوخۆ و دروستكردنی پێوەندییەكی دادپەروەرانە لە نێوان كوردستان و دەوڵەتی عێراقدا، لە سەرەتاوە جێگەی تایبەتیان لە بەرنامەی پارتیدا هەبوو.
سێیەم، هەندێك بیر و ئەزموونی سیاسیی جیهانی بوون كە كاریگەرییان لە سەر قۆناغی دامەزراندن هەبوو، بەتایبەتی بیرۆكەكانی سیاسەتمەداری بولگاری گێئۆرگی دیمیتڕۆف لەبارەی بەرەی نیشتمانیی فراوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نازیزم و فاشیزم. ناوەڕۆكی ئەو بیرۆكەیە ئەوەبوو كە هێز و چین و توێژە جیاوازەكان لە دەوری ئامانجێكی نیشتمانیی هاوبەش كۆ بكرێنەوە، نەك بزووتنەوەكە لە ناو بازنەی ئایدیۆلۆجییەكی داخراو یان چینێكی كۆمەڵایەتیی دیاریكراودا بمێنێتەوە.
بەگوتەی بەرواری، كاریگەریی ئەم تێڕوانینە لە بیری بارزانی نەمردا دیارە، بەتایبەتی لە گوتارەكەی باكۆ لە ساڵی 1948، هەروەها لە پرۆگرامی پارتی و هەوڵی بۆ كۆكردنەوەی چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە. بەمەش پارتی نەبووە ڕێكخراوێكی چینایەتی یان عەقیدەیی داخراو، بەڵكو خۆی وەك بزووتنەوەیەكی نیشتمانیی كوردستانیی فراوان پاراست.
دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان
عەبدولسەلام بەرواری پێی وایە، پارتی زوو تێگەیشت كە چارەسەری پرسی كورد بە سروشتی سیستمی سیاسیی عێراقەوە بەستراوە. دروشمی «دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان» هەڵگری ئەو تێگەیشتنە بوو كە مافەكانی كورد لە ژێر سایەی دەوڵەتێكی ناوەندگەرای ستەمكاردا ناتوانرێت بەشێوەیەكی جێگیر بپارێزرێن.
لەو دیدەوە دیموكراسی داواكارییەكی عێراقیی جیا لە پرسی كورد نەبوو، بەڵكو لای پارتی تەنیا گەرەنتی دابینكردن و چەسپاندی مافەكانی كوردستانە. بۆیە پارتی، تەنانەت لەو قۆناغانەشدا كە خەباتی چەكداریی ڕێبەری دەكرد، دەرگەی چارەسەری ئاشتییانەی دانەدەخست.
شۆڕشی ئەیلوولی 1961 دیارترین نموونەی ئەم ڕێبازە بوو. شۆڕش ساڵانێك بەردەوام بوو، بەڵام جەنگ خۆی ئامانج نەبوو. كاتێك هەلی گفتوگۆ هاتە پێشەوە، گەیشتە ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 و بنەمای ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان پەسند كرا. بەم پێیە شۆڕش لە ڕووی تیۆری و سیاسیشەوە بێ، گەیشتە ئامانجە سەرەكییەكەی، هەرچەندە حكوومەتی عێراق دواتر لە جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتنەكە پاشگەز بووەوە.
لە "كوردییەوە بۆ كوردستانی"
یەكێك لە گرنگترین خاڵە فكرییەكانی مێژووی پارتی بەبڕوای عەبدولسەلام بەرواری، گۆڕینی ناوی بوو لە كۆنگرەی سێیەمدا لە ساڵی 1953 كە بە دید و خواستی بارزان نەمر، ناوی «پارتی دیموكراتی كوردیی» گۆڕا بۆ «پارتی دیموكراتی كوردستان». ئەم گۆڕانە تەنیا گۆڕینی وشە نەبوو. «كوردی» زیاتر پێوەندی بە ناسنامەی نەتەوەییەوە هەیە، بەڵام «كوردستانی» نیشتمان و جیۆگرافیایەكی سیاسیی هاوبەش لەخۆ دەگرێت.
بەم شێوەیە پارتی لە بنەمای پرسی نەتەوەی كوردەوە دەستی پێ دەكرد، بەڵام كوردستانی بە نیشتمانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دەزانی. ئەم تێڕوانینە لەگەڵ ڕێبازی بارزان لە پێكەوەژیان و بیرۆكەی بەرەی نیشتمانیی فراوان یەكدەگرێتەوە و چوارچێوەیەكی سیاسیی فراوانتر لە ناسنامەی تەنیا نەتەوەیی بۆ پارتی دروست دەكات.
پووچەڵكردنەوەی پیلانەكان بە خێرا هەستانەوە
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەردەوامیی پارتی لە ماوەی 80 ساڵدا، توانای بووە بۆ هەستانەوە و گرتنەوەی دەستپێشخەری دوای هەر نسكۆ و قەیرانێكی گەورە. كاتێك ڕێككەوتنی جەزائیر لە شەشی ئاداری 1975 واژوو كرا، زۆر كەس پێیان وابوو بزووتنەوەی كورد كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ماوەیەكی زۆر نەخایاند تا شۆڕشی 25ی گولانی 1976 هەڵگیرسا و بەردەوامیی خەباتی كوردستانی ڕاگەیاند.
لەو قۆناغەدا ڕۆڵی سەرۆك مەسعوود بارزانی و نەمر ئیدریس بارزانی لە ڕێكخستنەوەی پارتی و بزووتنەوەكەدا بەرچاو بوو. ئیدریس بارزانی بەتایبەتی لە كاری سیاسی و دیپلۆماسی و نزیككردنەوەی هێزە كوردستانییەكاندا ڕۆڵێكی گرنگی بینی، هەمان ڕێچكەیەك كە دواتر یارمەتیدەر بوو بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی.
سەرۆك مەسعوود بارزانی لە ساڵی 1979ەوە بە سەرۆكی پارتی هاتە هەڵبژاردن،لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان قۆناغێكی نوێی ڕێبەری كرد كە بە ڕاپەڕینی ئاداری 1991 گەیشتە لووتكە. ئەو ڕاپەڕینە ڕێگەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 1992 و دامەزراندنی ئیدارەیەكی هەڵبژێردراوی كوردستان خۆش كرد. لەوێوە پارتی بە هێواشی لە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەكی ڕزگاریخوازییەوە چووە قۆناغی بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی قەوارە و دامەزراوە سیاسییەكان، ئەركێك كە لە بنەڕەتدا لە ڕێبەرایەتیی شۆڕش جیاوازە.
قورسایی جەماوەری و دیپلۆماسی
لەگەڵ ئەوەی 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتیدا تێپەڕیوە، هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین هێزی سیاسییە لە ناو دەنگدەراندا لە هەرێمی كوردستان و لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا پێگەی یەكەمی خۆی پاراستووە.
لە تەنیشت ئەم قورساییە جەماوەرییە، پارتی ئاستێكی بەرزی لە كاری دیپلۆماسی پەرە پێداوە، ئەمەش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە كاركردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە. ڕێبەرایەتیی كوردستان توانیویەتی تۆڕێكی فراوانی پێوەندی لەگەڵ پایتەخت و ناوەندە سیاسییەكانی ناوچە و دنیا دروست بكات، هەرێمیش پێگەیەكی دەرەكیی بەدەست هێناوە كە لە قەبارەی جیۆگرافی و دانیشتووانی زیاترە.
ئەم دیپلۆماسییەش لە بنەڕەتدا بە هەمان بیرۆكەیەوە دەگەڕێتەوە كە مستەفا بارزانی لە سەرەتادا باوەڕی پێ بوو: مافی گەل پێویستی بە كەسانێك هەیە لە ناوخۆ بەرگریی لێ بكەن و لە دەرەوەش بە دنیای بناسێنن.
نهێنیی سەركەوتنی پارتی لە ماوەی 80 ساڵدا ئەوە بووە كە توانیویەتی خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بگونجێنێت، بەبێ ئەوەی لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی دەست هەڵبگرێت. ڕەنگە ئەمە گرنگترین وانەی یادی 80 ساڵەی بێت.