نێچیرڤان بارزانی: پارتی بەر لە 80 ساڵ وەك پێویستییەكی مێژوویی لە دایك بوو

:: AM:09:53:16/08/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پارتی بەر لە 80 ساڵ، وەك پێویستییەكی مێژوویی لە هەناوی خەون و خواستەكانی گەلی كوردستانەوە لە دایك بوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی ئاب، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، لە 80 ساڵەی یادی دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بە شكۆدارییەوە بارزانیی نەمر و تەواوی ئەو قارەمان و شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە نەبەردانە بەبیر دەهێنینەوە كە بە بڕوا و فیداكارییەوە لەپێناو ئازادیی كوردستاندا گیانیان بەخشی. سەری ڕێز و نەوازش لە بەردەم گیانی پاكی شەهیداندا دادەنوێنین و سڵاو بۆ خێزان و كەسوكاری سەربەرزیان دەنێرین.

جێگری سەرۆكی پارتی دەڵێت، ئەم یادە پیرۆزە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، لە تەواوی گەلی كوردستان، لە جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی و ئۆرگانەكان، كادران، ئەندامان، لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان پیرۆز دەكەم. لەم وێستگە مێژووییەدا، بە ئومێد و بڕوایەكی بەهێزەوە بەڵێنی بەردەوامیی كار و كۆشش لە پێناو ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستاندا دووپات دەكەینەوە.

باس لەوەش دەكات، پارتی بەر لە 80 ساڵ، وەك پێویستییەكی مێژوویی لە هەناوی خەون و خواستەكانی گەلی كوردستانەوە لە دایك بوو تا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بەرەو ئازادی بكات. ئەمڕۆش دوای هەشت دەیەی پڕ لە قوربانیدان و دەستكەوتی مەزن، بە هەمان گوڕوتین و بەرپرسایەتیی مێژووییەوە، لە خەباتی بەردەوامدایە بۆ پاراستنی دەستكەوتە دەستوورییەكان و بەدیهێنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی كوردستان.

لە بەشێكی پەیامەكەیدا هاتووە، لەم یادە پیرۆزەدا دووپات لەسەر بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیی پارتی دەكەینەوە وەك پێشەنگ و داینەمۆی پتەوكردنی تەبایی، پێكەوەژیان و كۆكەرەوەی گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە. پارتی هەمیشە دەستپێشخەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و گۆڕینیان بۆ دەرفەتی خزمەتكردنی نیشتمان.

لە كۆتایی دەڵێت، لەم یادەدا دووپاتی دەكەینەوە كە بۆ پاراستنی ئەم كاروانە پڕ لە شانازییە، دەبێت بەردەوام خۆمان لەگەڵ گیانی سەردەم و پێشكەوتنەكاندا نوێ بكەینەوە، برەو بە دامەزراوەییبوون و پێشخستنی حوكمڕانی بدەین تا پارتی وەك هەمیشە متمانە و گەرەنتیی سەرەكیی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بێت.

سڵاو لە یادی 16ی ئاب، دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان.


وشە - رامیار جەواد