سەرۆك بارزانی: پارتی لە پێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی كوردستان لە سەردەمێكی سەخت و دژواردا دامەزرا

:: AM:10:17:16/08/2026 ‌
سەرۆك بارزانی بەبۆنەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پارتی لە پێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی كوردستان لە سەردەمێكی سەخت و دژواردا دامەزرا.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی ئاب، لە پەیامێكی سەرۆك مەسعوود بارزانیدا هاتووە، بە بۆنەی 16ی ئاب و یادی 80مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، سەرجەم جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم.

سەرۆك دەڵێت، پارتی لە پێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی كوردستان لە سەردەمێكی سەخت و دژواردا دامەزرا. بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی، پارتی قوتابخانەی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كوردستان بووە و لە هەموو قۆناغەكاندا بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بووە. پارتی لە ڕابردوو، ئێستە و داهاتوودا ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و بەجێگەیاندنی ئامانج و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

باس لەوەش دەكات، پارتی بڕوای پتەوی بە پێكەوەژیان، برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق هەیە، هەروەها پرەنسیپی هاوبەشی و ڕێزگرتن لە دەستوور بە زامنی سەقامگیری، ئارامی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا دەزانێت.

سەرۆك لە پەیامەكەی دەڵێت، لە یادی 16ی ئابدا، پەیامم بۆ جەماوەر، لایەنگران و ئەندامانی پارتی ئەوەیە كە پارتی سەرچاوەی هێزی گەلی كوردستانە؛ ئەركی سەرەكیی پارتی خزمەتكردنی گەلی كوردستانە و پشت بەخوای گەورە و ئیرادە و هیمەتی ئێوە و هەموو خەڵكی كوردستان، هیچ كۆسپ و ئاستەنگێك ناتوانێ ڕێگر بێت لە بەردەم ئەم ئەركە پیرۆزەدا.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، لەو بۆنەیەدا یادی هەموو ئەو شەهیدانە، پێشمەرگە، تێكۆشەر و قارەمانانە بەرز ڕادەگرین كە بە درێژایی خەباتی پارتی قوربانییان داوە. هەروەها پێزانینم بۆ ڕۆڵی كادران، ئەندامان و جەماوەری خۆشەویستی پارتی هەیە كە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لە هەموو بارودۆخێكدا پشتیوانی پارتەكەیان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە.


وشە - رامیار جەواد