لە رووداوێكی لە ناكاودا شاجوانی ساڵی 2025ی ئەندۆنسیا كۆچی دوایی دەكات، تا ئێستە نە خێزان و دەوروبەرەكەی و نە بەڕێوەبەرانی پێشبڕكیی شاجوانی ئەو وڵاتە، هیچیان لەبارەی مردنەكەی ئاشكرا نەكردووە، بۆیە بە مردنێكی گوماناوی باس دەكرێت.
پێگەی "
عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی ئەندۆنسیا وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، پۆتری ئەندریانی جۆفیشا كە شاجوانی ساڵی 2025ی ئەندۆنسیایە و تەمەنی گەیشتووە 25 ساڵ و خەریكی رێوڕەسمی چوونە ناو 26 ساڵیی بووە، لە دۆخێكی گوماناویدا كۆچی دوایی كرد، تەواوی هەوادارانی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆی خەمبارن و پرسەی بۆ دەگێڕن. تا ئێستە نە خێزان و دەوروبەرەكەی و نە بەڕێوەبەرانی پێشبڕكیی شاجوانی ئەو وڵاتە، هیچیان لەبارەی مردنەكەی ئاشكرا نەكردووە.
لەبارەی مردنەكەیەوە بەڕێوەبەرانی پێشبڕكیی شاجوانی ئەندۆنسیا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویان كردووەتەوە، بە خەمێكی قووڵەوە دامەزراوەكەمان مردنی پۆتری ئەندریانی جۆفیشا رادەگەیەنێت، راستییەكەی ئەو تەنیا هەڵگری ئەو نازناوە نەبووە بە تەنیا، بەڵكو بەشێك بوو لە خێزانە گەورەكەمان، رۆحێكی زۆر جوانی هەبوو و بە ئاسانی دەچووە ناو تەواوی دڵەكان، مردنەكەی پێشوەختەیە و یادەوەرییە جوانەكانی بۆ بەجێهێشتووین و بە نەمری لەلامان دەمێنێتەوە.
ئەوەیش دەڵێن كە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆیان و هەوادارانی دەكەن، داوا لە خوا دەكەن سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.
شاجوانی ئەندۆنسیا پێشتر نەخۆش نەبووە و تووشی هیچ رووداوێكی خراپ نەبووە، كاتێك لە ناكاودا كۆچی دوایی دەكات، رووداوەكە گومان دروست دەكات بەتایبەتی یەك رۆژ بەرلە مردنەكەی، خۆی بۆ رێوڕەسمی چوونە ناو 26 ساڵی تەمەنیەوە ئامادە دەكرد، لەناو ماڵەكەی خۆی كۆچی دوایی كرد.