شێوەكارێكی كورد بەشداری لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی هونەری لە ئەڵمانیا دەكات

:: PM:03:52:16/08/2026 ‌
نووسەر و هونەرمەندی شێوەكار، حەمە هاشم، بەشداری لە پێنجەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هونەری لەژێر ناونیشانی "لە لوتكەدا" دەكات، كە لە كریفێڵدی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی ئاب، هونەرمەندی شێوەكار حەمە هاشم، بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بە شێوەیەكی نزیك و هاوبەش كار دەكەین لەگەڵ هونەرمەندانی دنیا، شێوازی كاركردن و كولتووری خۆمان دەخەینە بەردەم بەشداربووانی تر.

روونیشی كردەوە، ئەو كۆڕبەندە دەرفەتێكە بۆ ناساندنی ئەزموونی هونەری كورد و دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی جیاواز، دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندانە كار بكەم لە كولتوور و خوێندنگە و شێوازی هونەری جیاوازن.

بە گوتەی ئەو شێوەكارە، بەشداربووانی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی هونەری لە لووتكەدا پێكهاتوون لە هونەرمەندانی ئەڵمانیا، فڕەنسا، رۆمانیا، رووسیا، ئینگلتەرا، ئێران و وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ بەشداریكردنی من وەك كوردێكی باشووری كوردستان.

حەمە هاشم گوتی، بەرهەمە هونەرییە دروستكراوەكان لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا، لە چوارچێوەی پێشانگەیەكی هاوبەش نمایش دەكرێن، پێشانگەیەك كە دەبێتە دەرئەنجامی كاركردنی هاوبەشی هونەرمەندانی بەشدار و وێنەیەك لە جیاوازییە كولتووری و هونەرییەكانمان پێشكەش دەكەین.

پێنجەمین كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتیی هونەری، بڕیارە لە 21ی ئابی 2026، لە كریفێڵدی ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت و هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت. 

جیا لەوەی چەندان خەڵاتی نێودەوڵەتی لەبواری شێوەكاری هەیە، حەمە هاشم خاوەنی 10 كتێبی هونەرییە دیارترینییان،  ڤانكۆخ، رۆدان، ھونەری پیرۆز، ھونەری ئەبستراكت، نامەكانی ڤانكۆخ، میكلانجیلۆ.



وشە - وشه‌