بەغدا هێز بەرەو بیابانەكانی سەر سنووری سعوودیە دەجووڵێنێت

:: AM:10:33:17/08/2026 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدینی دەركردووە، سەرباز و تانك و كەلوپەلەكانی چەكداری و لۆجستی بۆ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بادیە دەگوازرێنەوە كە بەمدواییە دامەزراوە، تا ناوچە بیابانەكانی نێوان سعوودیە و عێراق بپارێزن.

ئەو سەرچاوەیە بۆ "شەفەق نیوز" دووپاتی كردەوە، گواستنەوەی چەك و تانك و كەلوپەلە سەربازییەكان و لۆجستییەكان، ماوەی 48 سەعاتە دەستی پێ كردووە و لە دیالەوە بەرەو بەغدا و لەوێشەوە بەرەو ناوچە بیابانەكان ڕۆیشتوون، تا ڕادەستی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بادیە بكرێن.

زیاتر گوتی، لەبارەی دروستبوونی بۆشایی تەناهی لە ئەنجامی هەڵوەشانەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، ئەركەكانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركووك و سەڵاحەدین زیاتر دەكرێ، تا ئەو ناوچانەیش بكەوێتە ئەستۆی ئەوان، بەتایبەت ناوچەی خورماتوو و حەمرین.

لە بەشێكی تری قسەكانی سەرچاوەكە گوتی، لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی پارێزگەكانی تری عێراقیش، تانك و چەك و سەرباز و كەلوپەلی لۆجستی بۆ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بادیە دەگوازرێنەوە و ڕادەستیان دەكرێت.

پێشتر عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق، فەرمانی بە كشانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە بیابانەكانی موسەننا و نەجەف دا، كە هاوسنوورن لەگەڵ سعوودیە و فەرمانی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بادیە، بۆ پاراستنی ناوچە بیابانییەكان و سنوورەكانی عێراق و سعوودیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د