مێتا بە زیاتر لە 17 ملیار دۆلار لەگەڵ ویلایەتەکانی ئەمەریکا ڕێککەوت

:: PM:08:27:26/08/2026 ‌
کۆمپانیای مێتا ئەمڕۆ چوارشەم 26ی ئابی 2026، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی نزیکەی 18 ملیار دۆلار لە ماوەی 10 ساڵدا، وەک چارەسەرێکی یاسایی لەگەڵ چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا سەبارەت بە پاراستنی سەلامەتیی گەنجان و مێرمنداڵان لەسەر ئینتەرنێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی "بی بی سی"، کۆمپانیاکە بڕە پارەکە بە شێوەی قیستی ساڵانە لە ماوەی دەیەی داهاتوودا دەدات، لە کاتێکدا داواکارانی گشتی لە چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهای ڕێککەوتنەکە دەگاتە 17.1 ملیار دۆلار. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ویلایەتە بەشداربووەکان لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا نزیکەی 70%ی کۆی بڕەکە وەردەگرن کە دەکاتە 12.7 ملیار دۆلار و بۆ پەرەپێدانی سەلامەتیی بەکارهێنەرانی گەنج و کارە لەپێشینەکانیان خەرجی دەکەن.

ئەو 30%ی کە دەمێنێتەوە مەرجدار کراوە بە پلاتفۆرمەکانی "یووتیووب" و "تیکتۆک" کە مێتا خاوەندارێتییان ناکات؛ بەجۆرێک دەبێت ئەو دوو پلاتفۆرمە سنوورێکی کاتیی یەک سەعاتی بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە دابنێن، لەگەڵ بەکارخستنی دۆخی شەوانە و ڕێوشوێنی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن. مەرجی دووەمیش ئەوەیە کە یووتیووب و تیکتۆک بڕە پارەیەک هاوتای ئەو 30%یە بدەن. مێتا پێشبینی دەکات لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا خەرجییەکی یاسایی بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار تۆمار بکات، هاوکات دووپاتی کردەوە ئامانجی ئەم هەنگاوە یەکخستنی ڕێوشوێنەکانی کەرتی تەکنەلۆجیایە بۆ دابینکردنی پاراستنێکی تەواو بۆ مێرمنداڵان لە تەواوی ئەپەکاندا.


وشە - پۆڵا مەحموود