ئەمڕۆ دووشەم 31ی ئابی 2026، یەکێتیی ئەوروپا کۆتوبەندێکی نوێی "توند"ی بەسەر دوو سەکۆی ژیریی دەستکرد و دوو لە گەورەترین سەکۆکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان سەپاند، کە بە یەکەمین هەنگاوی لەو جۆرە دادەنرێت و ئامانج لێی پابەندکردنی ئەو ئەپڵیکەیشنانەیە بە یاساکانی سەلامەتی و چاودێرییەکی توندتر.
یەکێتیی ئەوروپا ئەپڵیکەیشنی "چات جی پی تی" خستە لیستی ئەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی کە دەکەونە ژێر چاودێرییەکی توندی یاساییەوە، هەروەها سەکۆی "ڕێدیت" و سایتی یارییە ڤیدیۆییەکانی "ڕۆبلۆکس"ی وەک دوو سەکۆی ئەلیکترۆنیی "زۆر گەورە" پۆلێن کرد، کە ئەمەش پابەندیی زیادە و چاودێریی زیاتریان بەسەردا دەسەپێنێت.
هێنا ڤێرکۆنێن بەرپرسی تەکنەلۆجیا لە یەکێتیی ئەوروپا دووپاتی کردەوە، ئێستە چات جی پی تی، ڕێدیت و ڕۆبلۆکس دەکەونە ژێر ئاستێکی بەرزتر لە چاودێری و لێپرسینەوە لە ناو یەکێتیی ئەوروپادا، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە گەورەکەیان لەسەر هاووڵاتییان و کۆمەڵگە.
ئەو بەرپرسە ڕوونی کردەوە کە پۆلێنکردنی وەک سەکۆی "زۆر گەورە"، بۆ ئەو سەکۆ و بزوێنەرانەی گەڕان بەکار دەهێنرێت کە ژمارەی بەکارهێنەرە چالاکەکانیان لە مانگێکدا لە 45 ملیۆن کەس تێدەپەڕێت لە ناو ئەو یەکێتییەدا کە 27 وڵات لە خۆ دەگرێت، ئەو سێ سەکۆیەش ئەو مەرجەیان تێدایە.
لە ئێستەدا ئەو سەکۆیانە مۆڵەتی چوار مانگیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پابەندییەکانیان بەپێی "یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان" جێبەجێ بکەن، کە ئامانج لێی ڕێکخستنی ناوەڕۆکە و وەک چەکێکی سەرەکیی یاسایی سەیر دەکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا. ئەو پابەندییانە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی و کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر مێردمنداڵان و سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی بەکارهێنەران لە خۆ دەگرێت، بۆیە برۆکسل ناچار بوو "چات جی پی تی" وەک بزوێنەرێکی گەڕان پۆلێن بکات بۆ ئەوەی بکەوێتە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە.