بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی زانستی و تەندروستی كە توێژەران بەوە گەیشتوون، رۆژانە سەركەوتن بەسەر پەیژە، وا دەكات مەترسیی مردن لەلای نەخۆشانی دڵ و دەمارەكان كەمتر ببێتەوە، بەو مەرجەی ئەو سەركەوتنە زێدەڕۆیی تێدا نەكرێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر توێژینەوەیەكی نوێ كە توێژەران لە زانكۆی ئیست ئەنجلیا لە بەریتانیا كردوویانە و سوودیان لە نۆ توێژینەوەی تری پێشتر وەرگرتووە، تەواوی توێژینەوەكە لەبارەی نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكانە و بۆ سوودوەرگرتن لە تەندروستی و پارێزگاری لە دڵ و دووركەوتنەوە لە مردن، سەركەوتنی رۆژانە بەسەر پەیژە، بە باشترین چارەسەر دەزانن كە لە مردن دووریان دەخاتەوە، بەو مەرجەی زێدەڕۆیی لێ نەكرێت.
نۆ توێژینەوەكەی پێشتر كە 450 هەزار كەس لە ژن و پیاو لە ژێر چاودێریدا بوون كە تەمەنیان لە نێوان 35 تا 84 ساڵ بووە. توێژەران لە ماوەی 14 ساڵ و چاودێرییەكەیاندا، بەوە گەیشتوون كە ئەوانەی رۆژانە بەسەر پەیژەدا دەكەون، كەمتر تووشی مردن بە نەخۆشیی دڵ و دەمارەكان دەبن، ئەویش بە رێژەی 39% لە مردن دوور دەكەونەوە. هاوكات هەر ئەوانە بە رێژەی 24% لە نەخۆشییەكانی تر بەهەمانشێوە لە مردن دوور دەكەونەوە.
د. سۆفی بادۆك كە پسپۆری دڵە و هاوكات بەشدارییەكی تری توێژینەوە نوێیەكەیە دووپاتی كردەوە، رۆژانە سەركەوتن بەسەر پەیژە، لە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان و تەنانەت نەخۆشییەكانی تریش دوورتان دەخاتەوە. ئەوەش روون دەكاتەوە كە سەركەوتن بەسەر پەیژە و رۆژانە، زۆر جیاوازە لە چوون بۆ یانەكانی وەرزش بۆ راهێنانە وەرزشییەكان، چونكە بۆ نموونە كەسەكە ئەگەر فەرمانبەر بێ رۆژانە دەچێتە دەوامی خۆی و بەسەر پەیژەدا سەر دەكەوێت، ئەوە دەبێتە رۆتینی رۆژانە و لە درێژمەودادا سوودی زۆر لەو سەركەوتنە دەبینێت.
ئەو پزیشكە ئاماژە بەوە دەدات، لە فەرمانگەكان و بۆ كارمەندان كە رەنگە رۆژانە چەند جارێك پێویستیان بەوە هەبێت لە نهۆمێكەوە بۆ نهۆمێكی تر هاتوچۆ بكەن، لەبری بەكارهێنانی بەرزكەرەوە "مەسعەد" بۆ سەركەوتن و دابەزین، باشترە پەیژەكان بەكار بێنن كە دەبێتە راهێنانی جەستەیی رۆژانە، ئەو جووڵە كورتە كاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستیی دڵ و دەمارەكان دەبێت.
توێژەران ژمارەی چەند جارێك سەركەوتن بە پەیژەیان دەستنیشان نەكردووە، بەڵام سوودەكەیان زۆر بە باش بۆ تەندروستی دەزانن. وێڕای ئەوەی چەندان جار پزیشكانی پسپۆر لە بواری دڵ ئاماژەیان بەوە داوە، ئەگەر رۆژانە لە باڵەخانەیەك ئەگەر شەش نهۆم بێت و كەسەكان بەسەر پەیژەكاندا سەربكەون، هەر نهۆمێك 10 پەیژەی هەبێت، ئەوكات دەكاتە سەركەوتن بەسەر 60 پەیژە، ئەوەیش بۆ تەندروستیی دڵ و دەمارەكان زۆرباش دەبێت.