ماوەی مانگێكە نرخی زەوی لە هەولێر بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە دابەزین كردووە، شارەزایەكی عەقارات دەڵێ، بەراورد بە ساڵانی رابردوو نرخی زەوی 10 هەزار دۆلار دابەزیوە.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی ئەیلوول، فورات محەمەد شارەزای عەقارات، بۆ "وشە" گوتی، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك لە كاتی گرانیدا زەوییان كڕیوە و ئێستە بەنرخی بەرز لەسەریانە، بۆ نمونە لە هەندێك شوێن بە (5 دەفتەر و 80 وەرەقە) كڕیویانە، ئێستە ئەو بڕە هاتووەتە نزیكەی پێنج دەفتەر دۆلار، ئێستە كە دێتەوە بازاڕ دەبێت بە زەرەرێكی زۆر بیفرۆشێتەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەوانەی لە زەوی زەرەری كردووە خەڵكە نەك ئەوەی كڕین و فرۆشتن بە زەوی دەكات، ئەوەی زەوی هەیە دەبێت ماوەیەكی زۆر بوەستێ تا نرخی خۆی بكاتەوە. هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە ئێستە خواست لەسەر زەوی بەهیچ شێوەیەك نییە ئەوەی هەیە فرۆشیارانە و بەنرخێكی كەمیش دەكات.
فورات محەمەد باسی لەوە كرد، لە هەولێر ناوچە بۆ ناوچە دەگۆڕێت، هەندێك شوێن ڕێژەكەی كەمتر دابەزیوە و هەندێك زیاتر كە ئەو دابەزینە راستەوخۆ پێوەندی بە دۆخی سیاسیی و ئابووری هەیە.
فورات محەمەد كە چەندان ساڵە كڕین و فرۆشتن بە زەوی دەكات دووپاتی كردەوە كە نرخی زەوی لە ئێستەدا بەرز نابێتەوە، چونكە خواست لەسەری نەماوە و زۆرینەی خەڵك كە فەرمانبەر بووە زەوی 200 مەتری وەرگرتووە.
زەوی لە هەولێر لە ساڵی 2024 تا ئێستە روو لە گرانبوونە، بەڵام بە گوتەی فورات ئەحمەد، دۆخەكە وەك پێشوو نەماوە ئێستە 10 هەزار دۆلار نرخی زەوی دابەزیوە.