زەیدی داوای زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم دەكات

:: PM:05:30:01/09/2026 ‌

لەو كاتەی هێشتا كێشەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی لە هەرێم كار دەكەن بە تەواوەتی چارەسەر نەكراوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای زیادكردنی بەرهەمهێنانی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، جیا لە تاوتوێكردنی پلانی پەرەپێدان و زیادكردنی بەرهەمی نەوتی عێراق تا ساڵی 2030.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی وەزیر و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراقی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی كرد، ئەوان تاوتوێی پلانی ستراتیجیی پەرەپێدان و زیادكردنی بەرهەمی نەوتیان لە عێراق لە 2027 تا 20230 كرد، تیشك خرایە سەر وردەكاریی پلانەكە، كە پێشتر ئامادە كرابوو.

زەیدی دووپاتی كردەوە كە دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لەگەڵ قەبارەی یەدەگی نەوت و توانای بەرهەمهێنان و ژمارەی دانیشتووانی بگونجێت، بەو شێوەی بتوانرێت پێویستیی هاووڵاتیان و پەرەپێدان پڕ بكرێتەوە، دووپاتی لە پێویستیی پەرەپێدان و شیاندنی ژێرخان و توانای هەناردەكردن كردەوە بەو شێوەی لەگەڵ زیادبوونی پێشبینیكراوی بەرهەمهێنان بگونجێت. 

زەیدی داوای زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و فرەوانكردنی كارەكانی گەڕان و زیادكردنی رووبەرەكانی گەڕان كرد، بەو شێوەی بتوانرێت ئامانجەكانی پلانەكە بە گەیشتن بە بەرهەمهێنانی نەوت تا 2030 بۆ 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بێتە جێبەجێكردن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل