مستەفا قەرەسوو ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ڕای گەیاند، تەڤگەرێكی لەو شێوەیە نین كە لە كەمپدا نیشتەجێ ببین و دەوڵەتی توركیش باش دەزانێت ئەمە قبووڵ ناكەین، چۆڵكردنی قەندیل و ناوچەكە دەرگا بۆ نیشتەجێبوونی هێزەكانی وەك داعش دەكاتەوە و دەرئەنجامی زۆر نەرێنی دەبێت.
ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) مستەفا قەرەسوو، لە بەرنامەیەكی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا گوتی، كەمپنشینی ئەندامانی تەڤگەر زۆر مەحاڵە و بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەنەوە.
باسی لەوەش كرد، لە دنیادا هەموو شتێك دەشێت ڕوو بدات، بەڵام شتێكی لەم شێوەیە نابێت، ئێمە تەڤگەرێكی ئاوا نین، ناتوانین ببینە تەڤگەرێك كە ئیرادەی خۆمان لە ناو كەمپەكاندا سنووردار بكەین و بیخەینە ژێر كۆنترۆڵەوە.
قەرەسووی گوتی، ئێمە دەمانەوێت پرسی كورد چارەسەر بكەین، دەمانەوێت بچینە توركیا و سیاسەتی دیموكراتی بكەین، دەمانەوێت ببینە بەشێك لە تێكۆشانی دیموكراسی لە توركیادا، تەڤگەرێكی دیموكراتی و شۆڕشگێڕی لەم شێوەیەین، نابێت كەس بكەوێتە ناو تێڕوانینێكی لەو شێوەیەوە كە پێمان بڵێن بڕۆن لە فڵانە كەمپدا بمێننەوە، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم كە دەوڵەتی توركیش ئێمە دەناسێت، پەكەكە دەناسێت، تەڤگەرەكە دەناسێت، ئەوان خۆشیان زۆرباش دەزانن كە ئێمە شتێكی لەم شێوەیە قبووڵ ناكەین.
قەرەسوو لەبارەی چۆڵكردنی قەندیلەوە گوتی: ئەو ناوچانەی ئێمە ئێستە لێین، بەهۆی پێگەی ستراتیجیـیەوە هەمیشە جێگەی ململانێ و شەڕ بوون، هەر ئەم گرنگییەش وایكردووە كە دەیان ساڵە سەرەڕای دژایەتیی جیهانی و هێرشەكانی دەوڵەتی تورك، خۆمان لەم جیۆگرافیایەدا ڕابگرین.
دووپاتیشی كردەوە، چۆڵكردنی ئەم ناوچانە لەلایەن ئێمەوە، مەترسیی دروستبوونی بۆشاییەكی تەناهیی گەورە و جێگیربوونی هێزەكانی وەك داعشی لێ دەكەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، پاشەكشەی هێزەكانمان لەم قۆناغەدا، تەنیا لە كاتێكدا دەكرێت كە سیاسەتێكی ورد و پلانێكی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە لە ئارادا بێت، ئەگەر پرۆسەكە بە هۆشیارییەوە ئەنجام نەدرێت، گەڕانەوە یان كشانی هێزەكانمان دەبێتە هۆی دەرئەنجامی زۆر نەرێنی و ئەگەری هەیە شەڕێكی گەورەتر لە ناوچەكەدا هەڵگیرسێنێت، ئەمەش بابەتێكی هەستیارە و لە ژێر گفتوگۆدایە.
گوتیشی: دووركەوتنەوە لە خەباتی چەكداری بە مانای دەستبەرداربوون لە بنەما ئایدیۆلۆجی و سیاسییەكان نییە، ئامانجی سەرەكیی تەڤگەر هێشتا بریتییە لە خوڵقاندنی توركیایەكی دیموكراتی، بنیاتنانی سۆسیالیزمی دیموكراتی و كۆمەڵگەیەكی هاوچەرخ كە پشت بە كۆمۆنەكان ببەستێت، بۆیە هیوای تەڤگەر گواستنەوەی ئەم خەباتەیە لە شاخەوە بۆ ناو كایەی سیاسیی مەدەنی، نەك دەستبەرداربوون لە ئامانجە ٥٠ ساڵییەكە.