لە دادبینی ئەمڕۆی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵەكانی، چیرۆكێكی نوێ ئاشكرا بوو كە تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە كەناڵی زووم بڵاویان كردووەتەوە.
ئەوان دەڵێن، دۆسیەكە و دانیشتنەكەی دادگا لە كەشوهەوایەك بوو تۆمەتباران قسەی دڵی خۆیان كرد، بەجۆرێك قسەیان دەكرد كە هیچ خەمی ئەوەیان نەبوو ئەشكەنجە دەدرێن رەنگە دۆخی زیندانی ئاسایش ئەو كەشەی بۆ رەخساندبن، هەرچەندە هێزێكی زۆری ئاسایش و ئۆپەراسیۆن لە ناوەوەو دەرەوەی دادگا بوون، بەڵام ئارامی و ئازادی ناو هۆڵی دادگا بەدڵی بەشداربوانی دانیشتنەكە بوو.
" قسەی یەكێك لە تۆمەتباران هۆڵەكەی وروژاند، سەرجەم وتەكانی پێشووی رەت كردەوە و گوتی تا بەنزینخانەی بینایی چووە و گیراوە، ئەوەی گوتومە پێشتر لە ژێر ئەشكەنجەدابووە و بەدەست خۆم نەبووە" تیمی پارێزەران وایان گێڕاوەتەوە.
هەروەها دەڵێن، ڕەمەزان كە پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگییە، بە شەڕواڵ و تیشێرتێكەوە كە سەرو ڕیشی سپی ببوو، هێنایانە هۆڵەكە بەسەیركردنی كچە نەخۆشەكەی و هاوسەرەكەی دڵی پڕبوو، بەڵام هەر زوو وەك باوكێكی بەهێز شاردییەوە و بەزەردەخەنەیەك دەستی بۆ كچەكەی بەرزكردەوە كە تووشبووی شێرپەنجەیە، ڕەمەزان جاروبار دەست و قاچی دەلەرزی خۆی بە شیشی قەفەزەكەوە رادەگرت، نەیدەتوانی بەباشی بوەستێ و بڕوات تەنانەت نەیدەتوانی بەباشیش قسە بكات، ئەم دیمەنە زۆرینەی هۆڵەكەی گریاند.
باسیان لەوە كردووە، جگە لە خراپی تەندروستی، نەیتوانی لە هۆڵەكەدا باسی جۆری ئەو ئەشكەنجەدانە بكات كە تەندروستی و دەروونی تێكداوە، نەیدەویست كچ و هاوسەرەكەی و بەشداربووانی هۆڵەكە گوێبیستی ئەشكەنجەدانەكەی ببن، دەیویست ئەشكەنجەدانەكە ئاشكرا بكات، بەڵام بەمەرجێك خەڵك و كەسوكارەكەی نەیزانن، دواجار لەسەر پارچە وەرەقەیەك شێوازی ئەشكەنجەدانەكەی بۆ دادوەرەكان نووسی و كەس نەیبینی.