فیلمێكی كوردی نوێنەرایەتیی عێراق دەكات بۆ خەڵاتەكانی ئۆسكار

:: AM:09:07:05/09/2026 ‌
لیژنەی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ خەڵاتەكانی ئۆسكار ڕای گەیاند، فیلمی "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتكوژێت"، بەرهەمی دەرهێنەری كورد هەڵكەوت مستەفا، بە كۆدەنگی وەك نوێنەری فەرمیی عێراق بۆ باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە خولی داهاتووی ئۆسكار دیاری كرا.

لیژنەكە ستایشی دیدی دەرهێنەری فیلمەكە و تێكەڵكردنی توخمە هونەری و تەكنیكییەكانی كرد و ڕای گەیاند، فیلمەكە چیرۆكە ناوخۆییەكان بە كوالێتییەكی بەرزی هونەری پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانی ڕكابەری بكات.

فیلمەكە باسی چیرۆكی ژنە پێشمەرگەیەكی قەناس بەدەست دەكات كە بەشێوەیەكی نهێنی، دەچێتە ناو شاری مووسڵەوە بۆ ڕزگاركردنی خوشكە بچووكەكەی لە دەستی ڕێكخراوی داعش.

ناوی فیلمەكە لەو باوەڕەی چەكدارانی داعشەوە سەرچاوە گرتووە كە پێیان وابووە، كوژران لەلایەن ژنێكەوە ئەوان لە بەهەشت بێبەش دەكات.

لەم فیلمەدا ئەكتەری كورد ئاڤان جەمال لە ڕۆڵی سەرەكیدا شانبەشانی ئەكتەری نەرویجی توربیۆرن هار رۆڵ دەبینێت، بەرهەمێكی هاوبەشی وڵاتانی نەرویج، سوید، فڕەنسا، ئەمەریكا، ئیمارات و هەرێمی كوردستانە.



وشە - سۆران عەزیز