ئەستێرەیەكی زۆر ناودارەكانی بواری پۆپی ئەفغاستانی، بڕیاری داوە گەشتە ئاهەنگ بۆ ماوەی مانگێك لە وڵاتانی ئەوروپا ساز بكات. وەك خۆی دەڵێت ئاهەنگەكانی تایبەت بۆ كچ و ژنانی ئەفغانستانە بەوەی بەهۆی دەسەڵاتی تاڵیبانەوە لە هەموو خۆشگوزارییەكانی ژیان بێبەشن.
پێگەی "
ئیلاف" رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو دیمانەیەی "یۆرۆ نیوز كاتچەر" لەگەڵ ئەریانا سەعید ژنە ئەستێرەی بواری پۆپی ئەفغانی سازی كردووە، ئەو هونەرمەندەی ملیۆنان هەوادارانی لە ئەفغانستان و وڵاتانی دەرەوەی هەیە، كاتێك بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021دا كۆنترۆڵی وڵاتەكەی كرد، ئەریانا سەعید وەك زۆر لە هونەرمەندانی وڵاتەكە ئەفغانستانی جێهێشت و رووی لە دەرەوە كرد، لەو كاتەوە ئامادەكاری بۆ ئەو گەشتە بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەكات كە ئاهەنگ تایبەت بۆ كچ و ژنانی وڵاتەكەی خۆی دەگێڕێت.
ئەو ئەستێرە ئەفغانییە لە دیمانەكەدا گوتی، ئەو گەشتە هونەرییەی بۆ ئەوروپا، تایبەت بۆ ئەو ژنانە كە تا ئێستەیش لە دەرەوەی چاودێریی دۆخی ناوەوەی ئەفغانستان دەكەن. هاوكات پەیام بۆ پیاوانیش دەنێرێ كە ئەركیانە داكۆكی لە ژنانی ئەفغانی بكەن، بەلای كەمەوە بۆ دایك و خوشك و كچ و ژنە نزیكەكانیان كە ساڵانێكە لە هەموو خۆشگوزارییەكان بێبەش بوون و دەچەوسێنرێنەوە.
گەشتە هونەرییەكەی ئەریانا سەعید لە دوێنێ هەینی چواری ئەیلوول لە رۆتەردامەوە دەستی پێ كرد، لەوێ ئاهەنگێكی گەورەی لە كەنیسەی "لۆرنسكێرك" ساز كرد. ئەمڕۆ شەموویش دەگاتە ستۆكهۆڵم لە سوید، دواتر لە 26ی ئەیلوول دەچێتە هامبۆرگ و لە فیسبادن لە نزیكی فرانكفۆرت لە سێی ئۆكتۆبەر، دوا ئاهەنگی ساز دەكات.
ئەو هونەرمەندە لەبارەی دۆخی ژیانی كچ و ژنانی ئەفغانستانەوە دەڵێت، لە ولاتەكەی ئێمەدا كچان و ژنان لە خوێندن بێبەش دەكرێن، لە شەشی بنەڕەنییەوە ئیتر دەبێ لە قوتابخانە دەربهێنرێن، بۆیە ژنان لە كاركردن بێبەشن و ناتوانن بە ئازادی بچنە باخچەكان، كەمترین ئازادی بۆ ژنان لەو وڵاتەدا نەماوە.
لەبارەی بیرۆكەی گەشتە هونەرییەكەیشی گوتی، دەمەوێ ئاهەنگەكانم تەواوی ژنانی ئەفغانی كۆ بكاتەوە، نەك تەنیا وەك بۆنەیەكی موزیكی تەماشا بكرێت، بەڵكو تێیدا رووبەرێكی فراوان بۆ هێزی ژنان پێشان بدرێت و دەبێ هەموومان پێكەوە بین و دەنگمان بەرز بكەینەوە لەبارەی ئەوەی لە ئەفغانستان بۆ ژنان دەگوزەرێت.
دواتریش لەبارەی پەیامەكەی بۆ پیاوانیش دووپاتی كردەوە، پەیامەكەم بۆ پیاوان لە دەرەوە و ناوەوەی ئەفغانستانە، پێویستە ئەوانیش لە دەرەوەی ئەو شەڕە نەبن كە بۆ مافەكانی ژنان دەكرێت، گرنگە لە پێناو مافی دایكیان و ژنانیان و خوشكانیان و تەواوی كچ و ژنانی وڵاتەكە بوەستن.