سەرۆكی رێكخراوی دیدار رای دەگەیەنێت كە لە ڕێی داواكاری گشتیی لە بەغداوە، سكاڵا لەسەر ئەو لایەن و كەسە لەیاسا دەرچووانە تۆمار دەكەن كە هێرشیانكردە سەر هاندەرانی یانەی هەولێر.
ئەمڕۆ شەموو پێنجی ئەیلوول، د.محەمەد سەباح سەرۆكی رێكخراوی دیدار، بۆ "وشە" گوتی، بڕیارە سبەی لە ڕێی داواكاری گشتییەوە لە بەغدا، سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار بكەن كە رێگەیان لە هاندەرانی یانەی هەولێر گرت و هێرشیان كردە سەریان.
ڕوونیشی كردەوە كە جیا لەو كەسانەی هێرشەكەیان كردووە، سكاڵا لەسەر دامەزراوەی كەمتەرخەمیش تۆمار دەكەن، چونكە لە ئەنجامی كەمتەرخەمی چەند دامەزراوەیەك ئەو هێرشانە كراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە كە دوێنێ شەو كاتێك هاندەرانی یانەی هەولێر سەردانی بەغدایان كردبوو، هێرش كرایە سەر ئەو پاس و ئۆتۆمبێلانەی كە هاندەرانی دەگواستەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 15 كەس لە هاندەرانی یانەی هەولێر بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆیش ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، رای گەیاند، كە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاری بەغدا دەكەن و ئەو هێرشەی كراوە قبووڵی ناكەن.