وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەڕەشەیەکی توند لە ئێران دەکات

:: PM:07:37:05/09/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو پێنجی ئەیلوولی ٢٠٢٦،  پیت هێگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەڕەشەی لەناوبردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی کرد و دووپاتی کردەوە کە کەشتیگەلی نەوتیی ئەو وڵاتە هیچ پارێزبەندییەکی دەریایی و ئاسمانیی نییە.

هێگسێس لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە کەشتیگەلی نەوتهەڵگری ئێران بێ پارێزەرن و روونی کردەوە، ئێران هیچ هێزێکی دەریایی یان ئاسمانیی نییە بۆ پاراستنی کەشتیگەلە نەوتییەکەی.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەڕەشەی توندی ئاراستەی ئێران کرد و گوتی، ئەگەر تەقە لە کەشتییەکانمان بکەن، ئەوا کەشتییە نەوتهەڵگرەکانتان لەناو دەبەین.

ئەم لێدوانانەی هێگسێس کەمێک دوای ئەوە دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری خاوی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران چەند مووشەکێکی بالیستیکی ئاراستەی دوو کەشتیی ئەمریکی کردبوو.

پێشتریش لە رۆژی هەینی، سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە شاڕەگی هەناردەی ئێران پچڕاوە و ناتوانێت یەدەگی نەوتی خۆی نوێ بکاتەوە، لەبەرئەوەی کەشتییەکانی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە.



وشە - پۆڵا مەحموود