مەزڵووم عەبدی ڕاوێژكاری ئێستەی سەرۆكایەتیی كۆماری سووریا، لە چاوپێكەوتنێكی بۆ میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان رای گەیاند، هەرچەندە دۆخی ئێستە ئەوە نییە كە گەلی كورد خەونی پێوە دەبینی، بەڵام پێویستییەكی واقیعییە و ناچار بووین هەڵیبژێرین، چونكە دوو بژاردەمان هەبوو "یان قڕكردن یان رێككەوتن".
عەبدی ددان بەوەدا دەنێت كە زۆر لە دەرفەتەكانی 15 ساڵی ڕابردوو وەك پێویست بەكار نەهێنراون و ئەگەر باشتر سوودیان لێ وەربگیرایە، ئێستە كورد لە پێگەیەكی بەهێزترەوە گفتوگۆی لەگەڵ دیمەشق دەكرد.
مەزڵووم عەبدی ئاشكرای دەكات، سەرەتای ئەمساڵ كورد ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی گەورە و لەناوبردنی یەكجاریی بووەوە، هۆكارەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ كشانەوەی هاوپەیمانان.
باسی لەوەش كردووە، ئەو كشانەوەیە هەڕەشەی شەڕی هێنایە كایە، ئەگەر ڕێككەوتن نەكرایە، شەڕێكی خوێناوی و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس ڕووی دەدا، لەو كاتەشدا عەبدوڵا ئۆجەلان نامەیەكی بۆ ناردین و تێیدا دووپاتی كردبوو، دەبێت كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی سووریا بەگفتوگۆ چارەسەر بكرێن و كورد خۆی لە شەڕ لەگەڵ دیمەشق بەدوور بگرێت.
لەبارەی پۆستەكەی خۆی كە بووەتە راوێژكاری ئەحمەد شەرع گوتی، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، بۆشاییەكی گەورە دروست بووە، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بزووتنەوەیەكی سیاسیی نوێ یان پارتێكی نوێ بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دابمەزرێنن. پۆستەكەی منیش تەنیا بۆ پارستنی كوردە لە سووریا.
عەبدی لەبارەی ژیانی ئێستەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان باسی لەوە كردووە، یەكێك لە خاڵە هەرە سەختەكانی ڕێككەوتنەكە، دۆخی بژێویی خەڵكە، لە دوای ئەوەی دیمەشق دەستی بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا گرتەوە، هەموو ئەو پاڵپشتییە داراییانەی پێشتر خۆبەڕێوەبەری بۆ نان و كارەبا و سووتەمەنی دابینی دەكرد بڕاون، ئەمەش قەیرانی گەورەی بۆ خەڵك دروست كردووە، "ئێستە خەریكی گفتوگۆن لەگەڵ دیمەشق بۆ چارەسەركردنی".
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە داوە، ئێستە كار بۆ باشتركردنی بژێوی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و خوێندن بەزمانی كوردی و ناسنامەی نەتەوەیی لە دەستووردا دەكەن و ئەوانە دەچەسپێنن.
"هەست بەئاسوودەیی دەكەم كە چیتر گەنجەكانمان لە شەڕدا شەهید نابن، بەڵام خەمبارم كە هێشتا هەموو ئامانجەكانمان بەدەست نەهێناوە، ئەوەی ئێستە هەیە، كۆتایی نییە، بەڵكو دەستپێكی خەباتێكی نوێیە لە ناوجەرگەی دەوڵەتی سووریادا"، مەزڵووم عەبدی وای گوتووە.