ئۆكراینا: كوژراو و بریندارانی سوپای رووسیا لە ملیۆنێك و 500 هەزار سەرباز نزیك بووەتەوە

:: PM:03:01:06/09/2026 ‌
بەپێی ئامارێك كە سوپای ئۆكراینا لەبارەی زیانەكانی سوپای رووسیا لەوەتەی لە ساڵی 2022وە دەستی پێ كردووە و ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی كوژراو و بریندارانی سەربازانی رووسیا، گەیشتووەتە نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار سەرباز، جیا لە تێكشكانی بەشێكی زۆری كەلوپەلە سەربازییەكانیان.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ یەكشەم شەشی ئەیلوول، بەیاننامەی دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئۆكراینای لە ئامارێكدا بڵاو كردووەتەوە، باس لەوە دەكرێ كە لەوەتەی جەنگەكە دەستی پێ كردووە تا ئەمڕۆ، ملیۆنێك و 496 هەزار و 440 سەرباز كوژراون یان بریندار بوون، هاوكات لە 24 سەعاتی رابردووەوە هەزار و 390 سەربازی رووسی كوژراون یان بریندار بوون.

لەبارەی زیانەكانی سوپای رووسیا بەیاننامەكە ئاماژەی داوە، ژمارەی تێكشكانی تانكەكانی رووسی لەوەتەی جەنگەكە دەستی پێ كردووە، گەیشتووەتە 12 هەزار و 331 تانك، هەروەها تێكشكانی 25 هەزار و 278 زرێپۆش و 49 هەزار و 260 سیستمی تۆپهاوێژ، لەگەڵ دوو هەزار و 96 سیستمی راجیمە و هەزار و 605 سیستمی بەرگریی ئاسمانی.

زیاتر روونی كردووەتەوە كە لەوەتەی جەنگەكە دەستی پێ كردووە، 441 فڕۆكەی سەربازیی رووسی و 355 هەلیكۆپتەر تێكشكاون، لەگەڵ تێكشكانی 501 هەزار و 244 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان "درۆن"، لەگەڵ تەقاندنەوەی پێنج هەزار و 70 مووشەكی كرووز، لەگەڵ تێكشكانی 35 كەشتیی سەربازی و دوو ژێردەریایی، لەگەڵیاندا 144 هەزار و 435 ئۆتۆمبێل و تانكەری سووتەمەنیی سەربازی تێكشكاون.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.

بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د