پێنجشەم داشكانی 50%ـی كارەبا كۆتایی دێت

:: AM:09:04:08/09/2026 ‌
وەزارەتی كارەبا و تیمی پڕۆژەی ڕووناكی هۆشداریی دەدەن، تەنیا سێ ڕۆژ ماوە بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی كۆنی كارەبا و كاتەكە بە هیچ شێوەیەك درێژ ناكرێتەوە.

تەنیا ئەمڕۆ تا ڕۆژی پێنجشەمی ئەم هەفتەیە لە بەردەم هاووڵاتییاندا ماوە بۆ سوودمەندبوون لە داشكاندن و لێخۆشبوونی قەرزی كۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناكی. وەزارەتی كارەبا دووپات دەكاتەوە كە ئەم دەرفەتە كۆتاییە و بە یەكجاری دادەخرێت.

بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییان بۆ دانەوەی قەرزەكانیان، كاتی دەوامی هۆبەكانی فرۆشتنی وزە تا 10ـی مانگ درێژ كراوەتەوە، ڕۆژانە لە سەعات 08:30ـی بەیانی تا 04:00ـی ئێوارە پێشوازی لە هاوبەشان دەكەن.

بەپێی ئامارەكان، تا ئێستە زیاتر لە 575 هەزار هاوبەش لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بوون، كە زۆرینەیان هاوبەشی ماڵانن و 75%یشیان لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی "ئی-پسوولە”وە قەرزەكانیان داوەتەوە.

تیمی پڕۆژەی رووناكی هۆشداریی دەداتە ئەو كەسانەی قەرز نادەنەوە؛ ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پێوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەو قەرزانەی دوای تەواوبوونی كاتەكە دەمێننەوە.

ئەم داشكاندنە پسوولەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناكی ناگرێتەوە؛ پێویستە هاوبەشان لە ماوەی 50 ڕۆژدا پسوولەی نوێ بدەن، بەپێچەوانەوە بەشێوەی خۆكار (سیستم) كارەباكەیان دەپچڕێت.



وشە - رامیار جەواد