جەنگی ئابووریی ئەمەریكا لە دژی ئێران رۆژ بە رۆژ چڕتر دەبێت و ئەو وڵاتەی لەڕووی ئابوورییەوە وێران كردووە، تا ئێستە دەرچەیەك بۆ وەستانی دیار نییە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستە هەڕەشەی جەنگی ئابووری لە دژی ئەمەریكا رادەگەیەنێت كە چەكی دەستی گەرووی هورمزە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم هەشتی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، جەنگی ئەمەریكا لە دژی ئێران شەش مانگی تێپەڕاندووە، هەندێك جار هێور دەبێتەوە و جارجارەیش توندتر دەبێتەوە، بەتایبەتی لەوەی ئەمەریكا گەمارۆی ئابووریی توندی لە رێگەی هورمزەوە خستووەتە سەر ئێران، ئابووری ئەو وڵاتەی بە تەواوی وێران كردووە و لەم رۆژانەی دوایی سێ كەشتیی ئێرانی نوقمی ناو دەریا كردووە. لە بەرانبەردا ئێران بە مووشەكی پێشكەوتووی "قاسم بەسیر" هێرشی كردووەتە سەر كەشتییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە. هاوكات جەنگی ئابووریشی لە دژی ئەمەریكا دەست پێ كردووە.
لە رۆژانی دواییدا ئێران بەڵێنی دا ناوچەیەكی تری قەدەغەكراو لە گەرووی هورمز بەڕووی كەشتییەكان و بەتایبەتی ئەمەریكا دابخات، بەڵام تا ئێستە وردەكاری و كاتی ناوچە قەدەغەكراوەكەی رانەگەیاندووە.
موحسین رەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوێنێ بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەكەی رای گەیاند، ئەو ناوچە قەدەغەكراوە لەو شوێنە دەست پێ دەكات كە ئەمەریكا گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران، تا دەگاتە بەشێكی كەنداو، بۆیە هەر كەشتییەك روو لەو ناوچەیە بكات، دەكەوێتەبەر سزاكانی ئێران و لێی دەدرێت.
دواتریش رەزایی گوتی، بەمدواییە ئەمەریكا هۆشداریی ئێرانی پێ گەیشت لەبارەی مووشە نوێیەكانی ئێران، بۆیە لەو ناوچە قەدەغەكراوەوە تا دەگاتە كەنداو، ئەمەریكا رووبەڕووی جەنگی ئابووریی ئێران دەبێتەوە. ئەو مووشەكە نوێیەش ناوی "قاسم بەسیر"ـە و بەهۆیەوە كەشتییەكانی ئەمەریكا هێرشیان كراوەتەسەر، كەچی ئەمەریكا رای گەیاند كە مووشكی ئێرانی نەگەیشتووەتە كەشتییەكان و بنكەكانی.