وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پێی وایە كە كردنەوەی گەرووی هورمز گرنگییەكی یەكجار زۆری بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە هەیە و باس لەوەیش دەكەن كە بەردەوامیی دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی" لە ناوچەكەدا كاریگەری خراپی هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە
راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە كردنەوەی گەرووی هورمز لەپێشینە و گرنگییەكی زۆری بۆ هەموو لایەك لە ناوچەكەدا هەیە، قەتەر لەگەڵ هاوبەشەكانی لە ناوچەكە و دنیادا كار دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ، چارەسەركردنی تەنگژەكە و كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی ناوچەكە.
دووپات دەكەنەوە كە ئاساییكردنەوە یان ڕاهاتن لەگەڵ دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی” لە ناوچەكەدا بە هیچ جۆرێك قبوڵكراو نییە.
هاوكات سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕای گەیاند، هەریەكە لە موسكۆ و ڕیاز هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ناوەندی بۆ جێبەجێكردنی یاداشتی ئیسلام ئاباد لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دەدەن.