دانا عەبدولكەریم: تۆڕی رێگاوبانی كوردستان 60%ی تەواو كراوە

:: PM:07:55:08/09/2026 ‌
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەم حكوومەتە شۆڕشی لەبواری رێگاوبان بەرپا كرد و ئێستە 60%ی تۆڕی رێگاوبانی كوردستان تەواو بووە. 

هەروەها دەڵێ‌، جووتسایدی هەولێر-كۆیە پێش وادەی خۆی تەواو دەكرێت و ساڵێك زووتر دەكرێتەوە كە ئێستە 42%ی تەواوبووە.  

جووتسایدی هەولێر-كۆیە 
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رای گەیاند، جووتسایدی هەولێر- كۆیە 48 كیلۆمەترە و بڕیارەلەماوەی سێ‌ ساڵدا تەواو بكرێت و ئێستە كارێكی زۆرباشی تێدا ئەنجام دەدرێت كە پڕۆژەكە 42%ی تەواو بووە و ئومێدی زۆر هەیە پێش وادەی خۆی تەواو بكرێت. 

هەروەها گوتی، دەتوانین ساڵێك پێش ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەكە دەتوانین پڕۆژەكە بكەینەوە كە گرنگترین رێیە لە كوردستان دروست كراوە و بەهۆیەوە ماوەی نێوان هەولێر – كۆیە دەبێتە كەمتر لە نیو سەعات. 

بەشێكی دەكرێتەوە
لەبارەی كردنەوەی ئەو بەشەی كە تەواو بووە وەزیری ئاوەدانكردنەوە گوتی، قۆناغ بە قۆناغ ئەگەر تەواو بكرێن دەكرێتەوە، ئێستە چاوەڕێی تەواوبوونی قۆناغێكی تر دەكەین بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا تا دێگەڵە بكرێتەوە. 

روونیشی كردەوە كە ژمارەیەكی زۆر بەرزە پرد لە رێیەكەدا هەیە و بەپێی ستاندەری جیهانی ئاستی سەلامەتی تێیدا جێبەجێ كراوە.

كۆی پڕۆژەكانی رێگاوبان
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بە گوێرەی پلانی وەزارەت ئێستە 300 پڕۆژە لە واری جێبەجێكردنن و گرنگی زۆر بە پڕۆژە ستراتیجییەكان دەدرێت و كاركردن لە هەمووی بەردەوامە، ئێستە رێی نێوان دهۆك – هەولێر تەواو كراوە و زۆر رێگەی تریش هەن كە جووتسایدی گرنگن و تەواو كراون.

هەروەها گوتی، 488 پڕۆژە لەماوەی رابردوودا تەواو كراوە ئەوانەی ماون پێویستی بە 10 تلیۆن دینار هەیە، بەڵام 60%ی تۆڕی رێگاوبانی كوردستان تەواو كراون. 

روونیشی كردەوە كە ئەم حكوومەتە شۆڕشێكی نوێی لە بواری رێگاوبان كرد و ئێستەیش پلانی زۆرمان هەیە كە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و پێوەستە بە بودجەی 2027 كە لە عێراق پەسەند بكرێت و پشكی كوردستانی وەكخۆی تێدا بێت. 






وشە - وشه‌