یەڵماز گیونای لە یەكـی نیسانی 1937 لە خێزانێكی كوردی زازایی لە ئەدەنە لە دایك بووە. سەرەتا بە نووسینی چیرۆك دەستی پێ كردووە، هەر لەبەر نووسینەكانیشی براوەتە بەردەم دادگا. لە ساڵی 1961ـیش جارێكی تر بۆ ماوەی 18 مانگ خرایە گرتووخانە بە هۆی نووسینی ڕۆمانێكی "كۆمۆنیستانە".
گیونای بە باوكی سینەمای كوردی دادەنرێت. لەسەر ئاستی دنیا چەندان خەڵاتی گرنگی سینەمایی وەرگرتووە، گرنگترینیان خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵی (كان) بوو لە ساڵی 1982ـدا. بە هۆی هەلومەرجی سیاسییەوە بەناچاری فیلمەكانی بە زمانی توركی بوون، بەڵام بەشێكی زۆریان بە ناوەڕۆك باسیان لە ژیانی كوردەواری و چەرمەسەریی مرۆڤی كورد دەكرد.
یەڵماز گیونای بە خێرایی ناوبانگی دەركردووە لە بەرھەمھێنان و سینەمای توركیدا بەھۆی كارەكانیەوە، زۆربەی كارەكانی تەرخان كردووە بۆ چینی كرێكاران لە توركیا، بە بەردەوامی لە دژایەتی و ململانێی حكوومەت و دەسەڵاتی توركیادا بووە بەھۆی پێشاندانی كولتوور و زمانی كوردی لەناو فیلمەكانیدا، دوای ئەوەی بە كوشتنی دادوەرێك تۆمەتبار كرا لە ساڵی 1974ـدا دادگایی كرا، تێیدا گیونای ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و گوتی كە بێتاوانە، بەڵام ھەر تاوانبار كرا و ناچار بوو كۆچ بكات بۆ فڕەنسا و مافی ھاوڵاتیبوونی توركیای لێ وەرگیرایەوە، ساڵێك پێش مردنی لە ساڵی 1983ـدا، لەگەڵ هەژاری موكریانی و جگەرخوێن پەیمانگەی كوردی پاریسی دامەزراند.
پاشان لە 9ی 9ی 1984 یەڵماز گونەی بەھۆی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەكانەوە لە فڕەنسا كۆچی دوایی كرد، مەزارگەكەی لە گۆڕستانی پێر لانچایسی پاریسدایە.