بەهۆی كوژرانی ئەندامەكەی حەشدی شەعبی لە پردێ، چەندان گەنجی كورد گیراون و لەناویاندا سێ پێشمەرگە هەن.
سێی نۆی ئەم مانگە لە شارۆچكەی پردێ، دوو چەكداری نەناسراو، دەستڕێژی فیشەكیان لە بارەگایەكی حەشدی شەعبی كرد، چەكدارێكی هێزە شیعییەكە وەك دەڵێن، حەشدی توركمانییە كوژرا و یەكێكی تریش بریندار بوو.
دوای ئەو رووداوە هێزەكانی حەشدی توركمانی و سوپا، شارۆچكەكەیان گەمارۆ داوە و دۆخێكی سەربازییان لەناو سەنتەری پردێدا سەپاندووە، پشكنین بۆ ئۆتۆمبێل و ماڵی هاووڵاتییان دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان كە لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لە پردی وەرگیراوە، چەندان گەنجی كوردیان بەو تۆمەتە یان بەگومانی تەقەكەر گرتووە.
باس لەوە دەكرێت، سێ پێشمەرگە لەناو گیراوەكاندا هەن، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بێ ئاگایی خۆی لەو بابەتە راگەیاند، بەرپرسێكی وەزارەتەكە بە"وشە"ی راگەیاند، هیچ زانیارییەكمان نییە پێشمەرگە گیرابن.
گوتیشی، ئەگەر پێشمەرگەش بن لە پردێ وەك هاووڵاتی گیراون، وەك پێشمەرگە نەگیراون، هەرچەندە ئەمڕۆ دەست بە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكەین و لیژنەی هاوئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ سوپای عێراق.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بەشێك لە گیراوەكان دوای لێكۆڵینەوە ئازاد كراون، سەرچاوەیەك لە پردێ رای گەیاند، بەشێكیان ماون و لەناویاندا سێ پێشمەرگە هەن.
كەسوكاری گیراوەكان رایان گەیاند، دوای شەش رۆژ لە گرتنیان هیچ سۆراخێكیان نازانن. بەگوتەی بەرپرسانی سەربازی لە پردێ براونەتە كەركووك.
بەهۆی ئەو رووداوەوە هێزێكی زیاتر هاتوونەتە پردێ و دۆخێكی سەربازییان سەپاندووە، لە زۆربەی شەقامەكاندا ئۆتۆمبێلی سەربازی دەبینرێت.