فەریق جەبار یاوەر شارەزایی سەربازی، یەكگرتنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە خاڵێكی ئەرێنی دەزانێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دەبێت ئەو هێزانە ببنە هێزی كوردستان و بڕوای تەواوی ئەوەیان بۆ دروست بكرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان وەك موژدەیەك رای گەیاند كە پڕۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.
وەزارەتەكە گوتی، دوای چەندان ساڵ تێكۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەك یەك تیمی پێكەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا و هەشتا كە هاوكار و ڕێگەخۆشكەربوون، توانییان سەرجەم بەربەست و گرفتە كەڵەكەبووەكان تێپەڕێنین.
دووپات لەوە كرابوویەوە كە ئەم دەستكەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن دا.
ئەمڕۆ یەكشەم 13ی ئەیلوول، فەریق جەبار یاوەر شارەزای سەربازی، بۆ "وشە" گوتی، یەكگرتنی هێزە جەنگەوارەكان لە هەر وڵاتێكدا هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە و بۆ كوردستانیش یەكێكە لە پێویستییەكان.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە نەك تەنیا یەكگرتن بە ژمارە، بەڵكو پێویستە بڕوای كوردستانی بۆ هێزەكان دروست بكرێت كە ئەوانیش وەك هەر هێزێكی تری وڵاتان كاتێك پرسیاریان لێ دەكرێت هێزی كوێن بڵێن " هێزی كوردستانین".
یاوەر لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەو هەنگاوەی بە ئەرێنی دانا و گوتی، بۆ كوردستان پێویستییە كە هێزێكی یەكگرتووی هەبێت.