بڕیار بوو سبەی دووشەم كۆبوونەوەیەكی گرنگی وڵاتانی كەنداو و ئێران و عێراق لە عومان بەڕێوە بچێت، ئەمشەو وەزیری دەرەوەی عومان رای گەیاند كە كۆبوونەوەكە دوا خراوە.
ئەمشەو
بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان رای گەیاند كە كۆبوونەوەكەی سبەی وڵاتانی ناوچەكە بە مەبەستی گەیشتن بە سازان دوا خراوە، ئەو پابەندیی وڵاتەكەی بە گفتوگۆ دووپات كردەوە بەو شێوەی سەقامگیری و هاریكاری لە ناوچەكە بچەسپێنێت.
بڕیار بوو سبەی دووشەم وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو و عێراق لە شاری سەڵاڵەی عومانی كۆ ببنەوە، كە یەكەم كۆبوونەوەی لەو شێوە و لە ئاستەیە لە ناوچەكە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە چەند مانگی دوایی، وەك ئەوەی ئێران رای گەیاندووە، كە مەبەست لە كۆبوونەوەكە باسی دوارۆژی گەرووی هورمز و رێكخستنی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووەكە.
بڕیارە لە كۆبوونەوەكە دانووستانەكانی چەند حەفتەی دوایی ئێران و عومان و ئەنجامەكانی بخرێتە روو، ئێران هەوڵ دەدات هەڵوێستی وڵاتانی كەنداو لەبارەی رێوشوێنەكانی دەیەوێ لە گەرووەكە بیانسەپێنێت بزانێت، ئەو رێوشوێنانەی ئەمەریكا و تەواوی وڵاتانی كەنداو رەتی دەكەنەوە.
ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە تەواوی ئەجێندای كۆبوونەوەی سبەی دووشەم لە عومان بۆ رێڕەوی دەریایی نوێ لە گەرووی هورمز تەرخان كراوە، نوێنەرانی حەوت وڵات بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن، پێنج وڵاتی كەنداو و عێراق و ئێران، بەڵام بەحرێن بەهۆی مەرجێكی پێشوەختە بەشداری ناكات.
زیاتر گوتی، ئێران و عومان لەسەر رێڕەوە نوێیەكە رێك كەوتوون، نەخشەكانی ئامادە كراون و بەیاننامەی هاوبەشیش نووسراوە، ئەم رێككەوتنە بە مانای كردنەوەی گەرووەكە نییە، بەڵكو بۆ رێكخستنی رێڕەو و ڕێكارەكانی هاتوچۆی كەشتییەكانە ئەگەر مەرجەكانی كردنەوەی گەرووەكە دابین ببن، مەرجی ئێران بۆ كردنەوەی هورمز ئەوەیە ئەمەریكا بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بەو بەڵێنانەی لە ئیسلامئاباد دا واژووی كردووە.