رۆمانی "گابۆڕ" بە زمانی ئینگلیزی لە ئەمەریكا چاپ و بڵاو كرایەوە

:: AM:09:20:15/09/2026 ‌
رۆمانی "گابۆڕ"ی سەید قادر هیدایەتی كە یەكێكە لە شاكارە دیارەكانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی كوردی، لەلایەن دوو وەرگێڕەوە كرایە ئینگلیزی و لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چاپ و بڵاو كرایەوە.

هەردوو وەرگێڕ چیا پەرویزپوور و حۆریە مەلەكی قۆزڵوو، رۆمانەكەیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لەلایەن دەزگای هەنار پرێس، كە ناوەندێكی سەربەخۆی قازانجنەویستە لە شاری كۆڵۆمبۆس لە ویلایەتی ئۆهایۆ، چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

گابۆر ڕۆمانێكی كوردییە لە نووسینی سەید قادر ھیدایەتی. ئەم ڕۆمانە یەك لە باشترین ڕۆمانە كوردییەكان و بەرھەمێكی گرنگی ڕۆژھەڵاتی كوردستانە و قسەی زۆری لەسەر كراوە. 

كتێبەكە ساڵی ٢٠١٥ نووسراوە و تا ئێستە حەوت جار چاپ و بڵاو كراوەتەوە و لە پڕفرۆشترین كتێبەكانی كوردییە. لە 31 پێشانگەی نێونەتەوەیی كتێبی تاران یەكێك لە پڕفرۆشترین كتێبی كوردی بوو، لە پێشانگەكانی كتێبی باشووری كوردستانیش خوێنەری زۆری هەبوون.

رۆمانەكە 10بەشی لە خۆ گرتووە، دوو چیرۆك ھاوتەریبی یەك دەچنە پێش كە پێكەوە لە پێوەندیدان و لە كۆتاییدا ئاكامێكی ھاوشێوەیان دەبێت.

گابۆڕ ژیانی چەند مێرمنداڵێك، بەتایبەت دوو پێرسۆناژی سەرەكیی عەبدولموتەلیب و كەریم لە سەردەمی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و گوشاری ھێزە سەربازییەكان بۆ سەر خەڵكی شاری بۆكانە، كە بۆ كڕینی تۆپێك خەریكن پارە كۆ دەكەنەوە، ھاوكات خەمی ئەوەیانە كە ئەگەر تۆپیان كڕی شەوانە لای كێ بێت و كێ ببێتە كاپیتان.

 ئەو دوو مێرمنداڵە شاھیدی ئەوەن چۆن چەكدارانی ناو پاسگای سەری كووچە، تەنانەت لە ناوەڕاستی ڕۆژدا دەستڕێژی دەكەنە سەر خەڵكی بێتاوان. بە ھەڵكەوت كەریم و عەبدولموتەلیب لە كوتە كاغەزێكدا، لاپەڕەیەكی گۆڤاری سروە كە چیرۆكی «فسفس پاڵەوان»ی تێدا گێڕدراوەتەوە، دەبینن و دەزانن كە دەتوانن بە زمانی خۆیان بیخوێننەوە، بەرەبەرە لەگەڵ ھونراوەكانی ھەژار و ھێمن و ھتدیش ئاشنا دەبن و بەم شێوەیە چەمكی شوناس لە بەردەمیان قوت دەبێتەوە، ھەستی نەتەوایەتی لە مێشكیاندا بنج داكوتێت و پاشان سەربەخۆ دەست دەدەنە چەند چالاكی، پاش ماوەیەك بە دزی ڕێگەی سەر سنوور دەگرنەبەر تا بچنە ناو یەكێك لە حزبە كوردییەكان.



وشە - سۆران عەزیز