لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، سیستمێكی نوێی هاتوچۆ ئامادە كراوە و بەمنزیكانە لە هەولێر دەخرێتە كار، بە جێبەجێكردنی ئەو سیستمە، چیتر پێویست ناكات كۆمەڵێك مامەڵە بكات، بەڵكو لە مۆبایلەكەی رێكارەكان ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئەیلوول، هێمن حەمەدەمین گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ساڵێك پێش ئێستە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سیستمێكی نوێی هاتوچۆی راگەیاند و لە دهۆك دەستی بە جێبەجێكردن كرد.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتی، سیستمەكە لە دهۆك سەركەوتنی گرنگی بەدەست هێناوە، بۆیە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا لە هەولێر دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت، هاووڵاتییان لە كۆڵ مامەڵە بە كاغەز دەبنەوە و تەواوی سیستمەكە ئەلیكترۆنی دەبێت.
باسی لەوەش كرد، ئەو سیستمە لە هەولێر تەواو بێت، لە سلێمانیش جێبەجێ دەكرێت، بەم سیستمە كەسێك ئۆتۆمبێلی هەبێت و لە دهۆك بێت، ژمارەكەی هەولێر بێت، دەتوانێت لە دهۆك تابلۆكەی نوێ بكاتەوە، ئەوەیش هاوشێوی سیستمە جیهانییەكان دەبێت.
بەگوتەی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، ئەو سیستمە دوای یەكجار داخلكردنی داتاكان، سەرجەم زانیارییەكانی لە سیستمەكە دەبێت، پێویست ناكات چیتر ئەو زانیارییانە پێشكەش بكات، سەرجەم زانیارییەكانیش لەرێی ئەپڵیكەیشنێك ئامادە دەبێت، بەمنزیكانە بۆ شوفێران بەردەست دەبێت و دەتوانن بەكاری بهێنن.